هەڵبژاردنی یانەکانی هەرێمی کوردستان دواناخرێت

یاریی زاخۆ و هەولێر
یاریی زاخۆ و هەولێر

هەڵبژاردنی یانە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت و دواناخرێت.

گەرچی دەنگۆی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی بەشێک لە یانە وەرزشییەکانی کوردستان لە چەند کاتژمێری رابردوو لە شەقاـی وەرزشی بڵاوبووەتەوە، بەڵام هۆشەنگ عەبدوڵڵا ئەندامی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی یانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بە کوردستان24ـی راگەیاند 'بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنی یانەکان دواناخرێت و لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت، بەگوێرەی ئەو خشتە و بەرنامەیەی دانراوە هەڵبژاردنی یانەکان دەکرێت و سبەی پێنجشەممە کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنییەتی و رێنمایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی یانەکان بڵاو دەکەینەوە'.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بەشێک لە سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەکان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی یانەکانیان کردووە، لەکاتێکدا چوار ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی رابردووی یانەکان تێپەڕێوە.

وابڕیارە رۆژی شەممە هەڵبژاردنی یانەکانی کوردستان دەستپێبکات و رۆژانە بەگوێرەی ئەو خشتەیەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دایناوە هەڵبژاردنی یانەکان دەکرێت، کە رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی یانەی هەولێر دەکرێت کە بە گەورەترین یانەی وەرزشی کوردستان دادەنرێت و زۆرترین چاو لەسەر هەڵبژاردنی یانەکانی هەولێر و زاخۆ و دهۆکە.