جیهانی ئیسلامی یادی له دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هه‌موو ساڵێك له 12ـی ره‌بیع ئه‌وه‌ل، له ساڵنامه‌ی ئیسلامی، یادی له دایكبوونی (محه‌مه‌د) درودی خوای لێبێت، له لایه‌ن موسڵمانه‌كانی جیهان به‌رز راده‌گیرێت.
ئه‌و رۆژه وه‌ك جه‌ژن سه‌یر ناكرێت، به‌ڵكو وه‌ك بۆنه‌یه‌كی ئاینی، له سه‌ره‌تای مانگی ره‌بیع ئه‌وه‌له‌وه تا كۆتایی، یاد و مه‌راسیمی ئاینی له مزگه‌وت و ته‌كیه و خانه‌قاكان به‌رز راده‌گیرێت.
له‌و بۆنه‌دا، ژیاننامه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام (محه‌مه‌د) درودی خوای لێبێت، ده‌خوێندرێته‌وه، جیا له بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی شاعیران و وته‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه سه‌رسامیان به‌و په‌یامبه‌ره هه‌یه.
وێڕای ئه‌وه‌ش له‌م رۆژه‌دا شیرینی و خواردنی جۆراو جۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا دابه‌ش ده‌كرێت، مزگه‌وت و پێگه ئاینییه‌كان ره‌نگاو ره‌نگ ده‌كرێن و ده‌ڕازێندرێنه‌وه.
له زۆربه‌ی وڵاتانی وه‌ك (فه‌له‌ستین، عێراق، جه‌زائیر، مه‌غریب، سودان، سووریا، میسر، لیبیا، ئوردن، تونس، ئیمارات، كوه‌یت، سه‌ڵته‌نه‌ی عه‌ممان و یه‌مه‌ن)، ئه‌و یاده به‌رز راده‌گیرێت.
سه‌رچاوه ئاینییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه په‌یامبه‌ر (محه‌مه‌د) درودی خوای لێبێت، له رۆژی له دایكبوونی به رۆژوو بووه، داواشی له كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان كردووه كه له‌م رۆژه‌دا به رۆژوو بن.
یه‌كه‌مین كه‌س كه به ئاشكرا یادی له دایكبوونی (محه‌مه‌د) درودی خوای لێبێت كردووه‌ته‌وه، سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین بوو، كه له سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی پادشای شاری هه‌ولێر بوو، پاره‌یه‌كی زۆری له‌و بۆنه‌یه‌دا خه‌رج ده‌كرد.
بۆ ئه‌م یاده پیرۆزه، هه‌ر قۆناغێك و هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیسلامی به شێوازی تایبه‌ت یادی مه‌ولوودیان كردووه‌ته‌وه.
(محه‌مه‌د) درودی خوای له سه‌ر بێت، له (12)ـی ره‌بیع ئه‌وه‌لی، ساڵی 571ـی زاینی له دایكبووه، خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ت و سه‌نگین بووه.
له ته‌مه‌نی 40 ساڵیدا روو له چۆڵه‌وانی ئه‌شكه‌وتی حه‌ڕا ده‌كات، له لایه‌ن خودای گه‌وره‌وه سرووشی بۆ دێت و وه‌ك په‌یامبه‌ری ئیسلام له جیهان ده‌رده‌كه‌وێت.
له ئێستادا دوو ملیار شوێنكه‌وتووی له جیهاندا هه‌یه، ئه‌و كتێبه‌ی كه بۆی دابه‌زیووه (قورئانی پیرۆزه)، شاری مه‌ككه وه‌ك پێگه‌یه‌كی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بۆ موسڵمانه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه قورئانی پیرۆزی لێ دابه‌زیووه، جیا له‌وه‌ش شاری مه‌دینه له سعوودیه، به شوێنێكی پیرۆز داده‌نرێت، كاتێك په‌یامبه‌ر (محه‌مه‌د) درودی خوای لێبێت، كۆتایی ته‌مه‌نی له مه‌دینه به‌سه‌ر برد هه‌ر له‌وێش كۆچی دوایی كرد و نێژرا.
ئه‌م په‌یامبه‌ره، په‌یامی مرۆڤایه‌تی و پێكه‌وه ژیان و یه‌كتر قبووڵكردنی بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه بۆته جێگه‌ی سه‌رنجی مرۆڤایه‌تی له‌ماوه‌ی 1400 ساڵی رابردوو، كاتێك وه‌ك په‌یڕه و پڕۆگرام رۆژانه شوێنی ده‌كه‌ون.
مێژووی یادكردنه‌وه‌ی رۆژی مه‌ولوود، هه‌ر له ده‌وڵه‌تی فاتمی، ئه‌یوبی و عوسمانییه‌كان، به‌رز راگیراوه، تاوه‌كو سه‌رده‌می قۆناغی نوێ و عه‌وله‌مه و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی.
له هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك گرتنه به‌ری رێچكه‌ی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین، له ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌كان، ئه‌و یاده به‌ڕێوه ده‌چێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ساڵ ئه‌و رۆژه ده‌كاته پشووی فه‌رمی.