بەستنی ماسک لە زانکۆیەکی کوردستان دەبێتە ناچاری
K24 – هەولێر
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، زانکۆی راپەڕین بڕیاریدا بەستنی ماسک لەو زانکۆیە دەبێتە ناچاری و هەر مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارێک ماسک نەبەستێ رێگەی پێنادرێت بێتە ناو حەرەمی زانکۆ.
سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "بەھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین، سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین لەپێناو سەلامەتی ھەمووان بەستنی ماسک دەکاتە ناچاری، بۆیە ھەر مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکارێک ماسک نەبەستێت رێگەی پێنادرێت، بێتە ناو حەرەمی زانکۆ و ھۆڵەکانی وانە خوێندن".
پێشتر د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین لە هەڵکشانە و 70% ئەنجامی پشکنینی رۆژانە پۆزەتیڤە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەکان لەژێر چاودێری دان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە.