بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین: ناتوانین هیچ تووشبووێکی دیکەی کۆرۆنا وەربگرین

"ئەنجامی پشکنینەکانی رۆژانە %70ی پۆزەتیڤە"
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین

K24 – رانیە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین رایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە دەڤەری راپەڕین بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و شوێن نەماوە لە نەخۆشخانەکان چیتر تووشبووان وەربگرن.

د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند: "ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر زیادیکردووە و لە %70ی پشکنینەکانی رۆژانە دەڤەری راپەڕین پۆزەتیڤە، ئێستا شوێنمان نەماوە بۆ وەرگرتنی تووشبووان و ناتوانین هیچ نەخۆشێک وەربگرین، دەبێ بە هەماهەنگی تووشبووانی کۆرۆنا رەوانەی سلێمانی و هەولێر بکەین، بە خۆشحاڵییەوە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و سلێمانی ئامادەییان بۆ هاوکاری دەربڕیووە".

گوتیشی: "بەهۆی نەبوونی سیستمی مەرکەزی و کارگە گرفتی زۆرمان بۆ دروستبووە، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی سەردانی ناوچەکەی کرد و بەڵێنی ئەوەی پێداین، لە زووترین کاتدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەوڵبدرێت بڕیاری دانانی ئەو سیستمە لە سنوورەکەمان بدرێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی تانکەوە ئۆکسجین دابین بکرێت، یان ئەگەر پێویست بوو نەخۆشخانەی دیکە بکەینەوە کارگەیەکی ئۆکسجینمان هەبێت، بەشێوەی ئۆکسجینی بوتڵ هاوکاریان بکەین، بەڵێنەکەی وەزیری تەندروستی هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە و دەبێتە پاڵپشتییەکی باش، وای لێدێت لەگەڵ پزیشک و کارمەندەکانمان تەرکیزمان لەسەر ئۆکسجین نەمێنێ و چاودێری زیاتری نەخۆشەکان بکەین، چونکە ئۆکسجین تاکە گرفتی سەرەکییە لە نەخۆشخانەکانمان".

د. دیار ئیبراهیم، راشیگەیاند: "ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی سنووری دەڤەری راپەڕین لەژێر چاودێری دان، هیچ کامیان پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، بۆیە دەبێ خەڵک لەوە دڵنیابێت، جگە لە خۆپارێزی وەرگرتنی ڤاکسین یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هیچ گرفتێکمان نەبووە لە دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا و بەردەوام ڤاکسین هەیە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی ڤاکسین وەرناگرن، بۆ نموونە فەرمانبەر ئەگەر ڤاکسین وەرنەگرێت رێگەی پێنەدرێت بچێتە فەرمانگەکەی، یان کارمەندێکی رێستورانت بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین رێگەی پێنەدرێت کار بکات".

ئەوەشی خستەڕوو: "فشاری زۆر لەسەر نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنایە و بڕیارمانداوە نەخۆش لە یەک کەس زیاتر ناتوانێت لەگەڵ بێت، نموونەمان هەیە، هاوەڵ هەیە لەگەڵ نەخۆش هاتبووە نەخۆشخانە، ئێستا باری تەندروستی ئەو زۆر لە نەخۆشەکە خراپترە".