وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: بەپێی دەستوور پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزە فەرمیەكانی حكومەتی عێراقە

"شایستە دارایەكانی پێشمەرگە بكرێتە تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا"

K24 - هه‌ولێر:

داواكاری لایه‌نه‌كان بۆ گفتوگۆی پێكھێنانی حكومەتی داھاتووی عێراق، ئامادە دەكرێت، لە رابردوودا حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق، پابەندی تەواوی رێككەوتنەكان نەبوون بە تایبەت پێدانی ماف و شایستە دارایەكانی پێشمەرگە، لە کاتێکدا شاندی ھەرێمی كوردستان یەكێك لە تەوەرە سەرەكیەكانی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان، پێدانی مافەكانی پێشمەرگە بووە.

وەزارەتی پێشمەرگە داوا دەكات یەكێك لە تەوەرە سەرەكیەكانی گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق  پێدانی ماف و شایستە دارایەكانی پێشـمەرگە بێت.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوه‌به‌ری راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانی له‌ وەزارەتی پێشمەرگە، رایگه‌یاند، زۆرجار هەندێ دەنگی شۆڤینی، پێشمەرگەیان بە میلیشیا وەسف دەکرد، لە كاتێكدا بە پێی دەستوور پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزە فەرمیەكانی حكومەتی عێراقە، بەڵام میلشیاكان ھێزی نایاساین.

رێڤینگ ھروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌یپێكرد، لە ساڵی (2005)ـه‌وه‌،  چەندین جار رێككەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا لە باره‌ی ماف و شایستە دارایەكانی پێشمەرگە كراوە، بەڵام تا ئێستا  حكوومەتی عێراق رێككەوتنەكانی جێبەجێ نەكردوە.

جه‌ختیكرده‌وه‌، وەزارەتی پێشمەرگە داوا دەكات ماف و شایستە دارایەكانی پێشمەرگە بكرێتە تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا،  لە كاتی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا.