بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت دوای یه‌ك ساڵ سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات

رۆناڵد كومان و ئالفرێد شرۆدر
رۆناڵد كومان و ئالفرێد شرۆدر

بارسێلۆنا پێنج یارییە لە چامپیۆنزلیگ، تامی بردنەوەی نەکردووە، دوو یاری لەم وەرزە و سێ یارییەکەی دیکەش لە وەرزی رابردوو بووە، کە دەکاتە نزیکەی یەکساڵ، بۆیە یاریزانەکانی ئەو یانەیە دەیانەوێت ئەمجارەیان بە بردنەوە یاریگا جێبێڵن.

بارسێلۆنا ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی، میوانداری یانەی دینامۆ كێیڤی ئۆکراینا دەکات، بلاوگرانا لە دوو یاری رابردوو بەرامبەر بایرن میونشن و بێنفیکا دۆڕاوە و لەم دوو یارییە شەش گۆڵیان لێکراوە، بێ ئەوەی هیچ گۆڵێک بکەن.

دوایینجار کە یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا نەیتوانی بێت زۆرتری یاری لەسەر یەک لە چامپیۆنزلیگ بردنەوە بەدەست بێنێت، ساڵی 2013 بوو، ئەو کات لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەرامبەربوو، بەڵام گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی، هەروەها لە هەمان ساڵ لە قۆناخی پێشکۆتاییش لە هەردوو یاری بە بایرن میونشن دۆڕان.

پێش یارییەکە رۆنالد کومان راهێنەری بلاوگرانا، باسی لە گرنگی ئەم یارییە کرد و گوتیشی ئەوان سەرەتا پێویستە ئەم قۆناخە تێپەڕێنن، دواتر بیر لە قۆناخەکانی داهاتوو بکەنەوە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كومان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا گوتی: گه‌یشتن به‌ قۆناخی شازدە، چارەکی کۆتایی و پێشکۆتایی بۆ ئێمە هیچ گرنگ نین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، بردنەوەیە لەم یارییە، ئەگەر بتوانین وەکو چەند یاری رابردوو یاری بکەین، ئەوا هیچ گومانێکم نیە دەتوانین براوە بین.

كومان ده‌شڵێت: ئانسۆ فاتی ئێستا لە پێکان گەڕاوەتەوە و ناکرێت لە ماوەی حەوت رۆژ بەشداری سێ یاری بکات، بۆیە دەمانەوێت باشترین بریارە لەسەر چارەنوسی بدەین ''.

كومان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بارسێلۆنا ده‌توانێت ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ بكات.

هەردوو یانەی بارسێلۆنا و دینامۆ كێیڤ لە چامپیۆنزلیگ مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، ئەو دوو یانەیە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تاوەکو ئێستا، 10 جار یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و لەم 10 یارییە بارسا حەوت یاری بردووەتەوە و لە سێ یاریش دۆڕاوە، واتە هیچ یارییەکی نێوان ئەم دوو یانەیە بە یەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.