وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ژمارەیەک پرۆژەی چاکسازی تاوتوێ کران

"گروپی راوێژکاری سەربازی نێودەوڵەتی (MNAG)، کە لە وڵاتانی (ئەمه‌ریکا، به‌ریتانیا، ئەڵمانیا وهۆڵەندا) پێکهاتوون، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە"
ژمارەیەک پرۆژەی چاکسازی تاوتوێ کرا / فۆتۆ: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
ژمارەیەک پرۆژەی چاکسازی تاوتوێ کرا / فۆتۆ: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، بەمەبەستی دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ پڕۆسەی چاکسازی، گروپی راوێژکارانی سەربازی نێودەوڵەتی (MNAG) و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کۆبوونەوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، گروپی راوێژکاری سەربازی نێودەوڵەتی (MNAG)، کە لە وڵاتانی (ئەمه‌ریکا، به‌ریتانیا، ئەڵمانیا وهۆڵەندا) پێکهاتوون، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

راشیگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکەدا، گروپی راوێژکارانی سەربازی نێودەوڵەتی لەبارەی بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانی چاکسازی چەند پێشنیارێکیان خستەڕوو، بەتایبەتی دەستبەکاربوونی ژمارەیەک پرۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.

ئاماژه‌یپێكرد، میکانیزمێکی کاراو چالاک بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وڵاتانی هاوپەیمان خرایەڕوو.