عێراق دەیەوێت کێشەی نەخوێندەواری چاره‌سه‌ر بكات

زیاتر لە 7 ملیۆن كەس لە عێراق نەخوێندەوارن
نەخوێندەواری لە عێراق زیادیکردووه‌
نەخوێندەواری لە عێراق زیادیکردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسانی عێراق لە بەغدا بەدوای پلانێکی نوێدان بە ئامانجی چارەسەركردنی کێشەی نەخوێندەواری، كە لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە. بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا و بەھۆی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش زیاتر لە یەك ملیۆن كەسی دیكە لە خوێندن دابڕاون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 7 ملیۆن كەس لە عێراق نەخوێندەوارن، واتە یەك لەسەر چواری كۆمەڵگا. لەكاتێكدا چاودێران پێیان وایە ژمارەكە زۆر بەرزترە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، ھەروەھا پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار، كە گورزی تیرۆریان بەركەوتووە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەم دواییانە پلانێکی داڕشتووە بۆ کاراکردنەوەی ناوەندەکانی فێركردن و راکێشانی کەسانی نەخوێندەوار، بەشێوەیەک کە کاتی دەوامکردن لە بنکەکان زۆر ئاڵۆز نەبێت.

لەوبارەوە "موئەیەد عوبێدی"، گوتەبێژ لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان پلانێکی داڕشتووە بۆ چالاککردنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سەرتاسەری وڵات و لە سەرەتای مانگی داھاتووش لەو ناوەندانەدا ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات.

بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا و بەھۆی شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش زیاتر لە یەك ملیۆن كەسی دیكە لە عێراق لە خوێندن دابڕاون.

ھاوكات توێژەرانی كۆمەڵایەتی دووپاتی دەكەنەوە، كە زۆربوونی رێژەی نەخوێندەواری لە کۆمەڵگادا بەستراوەتەوە بە قەیران و خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتەوە. لەوبارەوە "عەدنان حەیانی"، توێژەری كۆمەڵایەتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هەژاری، بێکاری و نەبوونی ھەلی كار و چەندین قەیرانی دیكە، كە له‌ ئه‌نجامی قەیرانی خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەخوێندەواری لەنێو كۆمەڵگادا.

قەیرانەکان، شەڕ و کێشە ناوخۆییەکان كە عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت لە گرنگترین هۆکارەكانی نەخوێندەوارین لەناو کۆمەڵگادا، لەم ساڵانەی دواییدا بە ملیۆنان عێراقی هەلی خوێندنیان لەدەستداوە بەتایبەتی لەگەڵ قەیرانی ئاوارەبوون. بەشێکی زۆری بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکانن و زۆربەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بەر خوێندن، تەمەنیان لە نێوان 20 تاوەکو 45 ساڵدایە.