بەهۆی ئامادەبوونی هاندەران یانەی زاخۆ داوای سێ خاڵی یارییەکەی شورتە دەکات

هاندەرانی شورتە لە یاریی بەرامبەر زاخۆ
هاندەرانی شورتە لە یاریی بەرامبەر زاخۆ

بەهۆی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر شورتە لە بەغدا، یانەی زاخۆ داوای سێ خاڵی یارییەکەی شورتە دەکات.

تەها زاخۆیی، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی بە کوردستان24ـی راگەیاند 'لە یارییەکەمان بەرامبەر شورتە لە یاریگای شەعب سکاڵامان تۆمارکرد، چونکە پێشتر یانەی شورتە بەهۆی روداوەکانی یارییەکەی بەرامبەر دیوانییە سزادراوە و دەبێت پێنج یاریی بەبێ هاندەران بکات، بەڵام دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رەزامەندیی ئامادەبوونی هاندەرانی وەرگرت لە یارییەکەمان هاندەرانی شورتە ئامادەبوون'.

تەها زاخۆیی راشیگەیاند 'رۆژی یەکشەممە رێکارەکانی تۆمارکردنی سكاڵاکەمان تەواو دەکەین، چونکە یانەی شورتە بەگوێرەی ئەو سزایەی وەرزی رابردوو لەسەری سەپێنراوە دەبێت پێنج یاریی بەبێ هاندەرانی بکات، بۆیە دەبێت یارییەکە 3-0 بۆ یانەکەمان هەژمار بکرێت'.

زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای شەعب 3-2 دۆڕا، کە زاخۆ بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە و ئەگەر ئەم سێ خاڵی پێبدرێت دەچێتە پلەی سێیەم و ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ شورتە یەکسان دەکاتەوە.