وه‌زیری شاره‌وانی: هەوڵ ده‌ده‌ین شەڕ لە ناوچە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەكان دوور بخه‌ینه‌وه‌

"وەك وەزارەتی شارەوانی یاداشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گشتیی شوێنەوار و گەشتوزار دراوه‌ته‌ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە"
دیمەنێکی قەزای زاخۆ - فۆتۆ: کوردستان24
دیمەنێکی قەزای زاخۆ - فۆتۆ: کوردستان24

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بڵاویكرده‌وه‌، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری شاندێکی وەزارەت به‌ راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەلایەن گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پێشوازیان لێ كرا.

روونیكرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەكی  بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاند كه‌ ماوەیەك لە مەوبه‌ر لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، شارەوانیی زاخۆ لە پلە یەكەوە كرایە نایاب.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: سەردانی ئەمڕۆمان بۆ ڕاگەیاندنی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاره‌ بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

راشیگه‌یاند، لە كۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، باسی ئەوەمان كرد بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی زاخۆ دەكەینەوە و فەرمانی دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی زاخۆمان دەركردووە، بە سەبارەت بە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندارەكانی دیكەش، لە مەودوا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەن و هەموو ئاسانكارییەكی كارگێڕیش بۆ دروستكردنی فەرمانگەكانی دیكە و هەروەها بۆ ڕێكخستنی جۆری پەیوەندیان لەگەڵ وەزارەت، دەگرینەبەر.

روونیكرده‌وه‌، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی داواكارییه‌كانی زاخۆ دەكات بۆ ئەو شەقامانەی تاوەكو ئێستا قیڕتاو نەكراون و لە سەر پێشینەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ هەر پرۆژەیەك پێویست بێت جێبەجێ دەكرێن و چەند ڕۆژێك لە مەوبەر دەرخستەیەكی تایبەت بە پرۆژەكانی قیڕتاوكردن بۆ  زاخۆ، بەرزكراوه‌ته‌وه‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، یەكێك لە هێڵە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خودی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، بایەخدانە بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ ئەو بابەتە دەدەین و داوا لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ دەكەین لە مەودوا بەشێكی بودجەكەیان یان داهاتی شارەوانیان بۆ بابەتی سەوزكردنی زاخۆ تەرخان بكەن.

روونیكرده‌وه‌، وەك وەزارەتی شارەوانی یاداشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گشتیی شوێنەوار و گەشتوزار دراوه‌ته‌ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانەوە هەوڵ بدرێت شەڕ و پێكدانی چەكداری لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و لە ناوچە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەكانمان دوور بخرێتەوە.

كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری شاره‌وانی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی زاخۆ
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری شاره‌وانی له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی زاخۆ