حكومه‌تی هه‌رێم: لە هەر بەنزینخانەیەک فەرمانبەرێکى سامانە سرووشتییەکان وه‌ك چاودێر داده‌نرێت

"بەغدا ڕۆژانە 540 هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات"
لە هەر بەنزینخانەیەک فەرمانبەرێکى سامانە سرووشتییەکان وه‌ك چاودێر داده‌نرێت
لە هەر بەنزینخانەیەک فەرمانبەرێکى سامانە سرووشتییەکان وه‌ك چاودێر داده‌نرێت

K24 - هه‌ولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، به‌ ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرى کێشەى کەمى بەنزین، دوێنێ، بڕی (540) هەزار لیتر بەنزین گەیشتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان.

فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی رایگه‌یاند، بە گوێرەی نووسراوی ژمارە (11204) کە لە ڕێککەوتی (24-10-2021)ـى، کە لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکراوە، بەغدا ڕۆژانە (540) هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و ئەم بڕەش لە (1-11-2021)ـى دەبێتە دوو هێندە، واتە دەبێتە ملیۆنێک و (80) هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا.

راشیگه‌یاند، پێنج تەنکەر بۆ هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و سێ تەنکەری بۆ پارێزگای دهۆک و دوو تەنکەریشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت و هەر تەنکەرەى (36000) لیتر بەنزینى جۆرى نۆرماڵە و ئەگەر بەنزینى هاتوو گەیشتە ملیۆن و هەشتا  هەزار لیتر ئەوكات ئەم بڕیەی پارێزگاکان دەبێتە دوو هێندە، کەواتە ئێستا ڕۆژانە بڕى (180) هەزار لیتر بەنزین دەگاتە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و 108 هەزار لیتر دەگاتە پارێزگاى دهۆک و (72) هەزار لیتریش بۆ پارێزگاى هەڵەبجە دەبێت و بە زیادبوونى بڕەکەشى بۆ ملیۆنێک و (80) هەزار، بڕى بەنزینى نێردراو بۆ هەر چورا پارێزگا دوو هێندە زیاد دەکات.

روونیكرده‌وه‌، نرخى هەر لیترە بەنزینێکى نۆرماڵ بە (650) دینارە لە پاڵاوگەکان و نرخى کرێى گواستنەوە و کۆگاکردن و پشکنین و عەمولە و چەند وردەکارییەکى دیکەى (40) دینارە، هەر بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان بێ هیچ زیادەخستنەسەرێک بە (690) دینار لە نێو بەنزینخانەکان دەیفرۆشێتەوە بە هاووڵاتیان.

وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانیش میکانیزمێکى بۆ دابەشکردنى بەنزینەکە داناوە لە بەنزینخانە ئەهلییەکان کە بە شێویەکى دادپەروەرانە و بە نۆرە دابەش دەکرێتە سەر بەنزینخانەکان و لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکى سامانە سرووشتییەکان چاودێرى دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەى دەکات تا بە هیچ شێوەیەک پێشێلکارییەکى تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاووڵاتیان، هەروەها مەرجێکیش دیارى کراوە بۆ بەنزینخانەکان بۆ چەسپاندنى ئەم دادپەروەرییە کە ئەویش بەم شێوەیەیە:

ـ هیچ بەنزینخانەیەک کە بەنزینى نۆرماڵى حکومەتى وەرگرت، نابێت بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت.

ـ بە هیچ شێوەیەک بەنزینە حکومییە ئۆکتانبەرزەکە تێکەڵ ناکرێت بە بەنزینی دیکەى نۆرماڵ.

ـ بە هیچ شێوەیەک دەستکارى بەهاى بەنزینەکە ناکرێت و بە شێوەى لافیتە بە ئاشکرا بەها حکومییەکەى دیارى کراوە.