حەوت ساڵ بەسەر چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تێدەپەڕێت

پێشمەرگە لە کۆبانێ باڵانسی شەڕی گۆڕی
دیمەنێکی کاتی گەیشتنی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان
دیمەنێکی کاتی گەیشتنی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان

K24 - هەولێر

حەوت ساڵ بەسەر چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ-ی رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، لە کۆبانێ پێشمەرگە ئەو هێزە بوو کە باڵانسی شەڕی گۆڕی، لە ئەنجامدا رێکخراوی داعش تێکشکێندرا و شارەکە لە کەوتن و داگیرکردن رزگاری بوو. دوای تەواو ئازادکردنی شارەکە و کۆتایی هاتنی شەڕ، پێشمەرگە چەکەکانی خۆیان بەخشیە شەڕڤانان و هیچ دەستوەردانێکیان لە کاروباری ناوخۆی کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان نەکرد و گەڕانەوە باشووری کوردستان.

حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دوای 134 رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە شەڕڤانان لەگەڵ رێکخراوی داعش، رۆژ بە رۆژ ئابڵوقەی داعش لەسەر شەڕڤانان زیاتر دەبوو، رووبەری نزیکەی 80%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و بە هەزاران کەسیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش ئاوارەببوون. ئەو کات لەسەر داوای سەرۆک بارزانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانەی ئەو شارە کرا، تواندرا بە هاوکاری هاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندی کوردانی رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێش رزگار بکرێت.

رۆژی 22/10/2014، پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بۆ تاووتوێیکردنی رەوشی کۆبانێ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ پەرلەمانی کوردستان داواکاری سەرۆک بارزانی بۆ رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوا پەسندکرد.

لە 28/10/2014، یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان 150 پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووک و قورس بە 40 ئۆتۆمبێل بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتن و بە درێژایی رێگا لە باشوور، باکوور و تاگەیشتنە رۆژئاوای کوردستان، لەوێ ھاووڵاتیانی کورد بە سروودی نیشتمانیی و بە چەپڵە لێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە کرد، چونکە بەلای کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان رووداوی رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بوو بە درێژایی خەبات و قوربانیدانی کورد بۆ رزگاری نیشتمانی.

هەروەها دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبوو، لە بەشێکی زۆری میدیا جیهانییەکان هەواڵ و رووماڵی چوونی هێزی پێشمەرگە بە ناو خاکی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان کرا.

لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە باڵانسی شەڕەکە گۆڕانی بەسەردا هاتوو، لە کاتێکدا کۆبانێ تەنیا 20٪ی لە دەستی شەڕڤانان مابووەوە، بەڵام پێشمەرگە و شەڕڤانان شانبەشانی یەکدی رووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەکە بوون لەدەستی چەکدارانی داعش دەربێنن و بە داویدا ناوەندی شارەکەش بە تەواوەتی لە داعش پاک بکەنەوەو کۆبانێ لە مەترسی کەوتن رزگار بکەن.

لە رۆژی 20/1/2015، یەکەم شەھیدی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بە ناوی زێرەڤان ئەکرەم، لە رۆژئاوای کوردستان گیانی پێشکەش بە خاکی کوردستان کرد و شەھید بوو، ژمارەیەکی دیکەی پێشمەرگەش بریندار بوون.

پێشمەرگەی کوردستان لەسەر داوای شەڕڤانان وەک هێزی پشتیوان بەشداری شەڕەکانی کرد، لەدوای تەواوبوونی شەڕەکەش چەکەکانی خۆیان بەخشیە شەڕڤانان و ئەوکاتەی ئەرکی ئەوان کۆتایی هات، بە سەربەزی گەڕانەوە وڵات و هیچ دەستوەردانێکیان لە بارودۆخی کۆبانێ و رۆژئاوایی کوردستان نەکرد.

بەپێی ئامارەكان لە شەڕی كۆبانیدا زیاتر لە سێ هەزار و 800 چەكداری داعش كوژران و بەشێكی زۆری شارەكەش بەهۆی شەڕەوە بەتەواوی وێران بوو. لەدوای ئازادكردنی كۆبانێ، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2015 بە هەزاران كەس لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی رژانە شەقامەكان، دواتریش ئەو رۆژە وەك رۆژی جیهانیی ئازادکردنی كۆبانی ناسێنرا.