پەتایەکی وەرزی لەناو منداڵان بڵاودەبێتەوە
K24 - سلێمانی
لە سلێمانی پەتای وەرزی بەشێوەیەکی بەرچاو لەناو منداڵان بڵاوبووەتەوە و هەندێک منداڵ سێ جار تووشی پەتاکە بووە، پزیشکێکی پسپۆریش چەند رێنماییەک بە دایک و باوکان دەدات.
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵ منداڵان تووشی پەتا دەبن، بەڵام ساڵان هەر جۆرە پەتایەک یەکجار تووشی دەبوون، بەڵام ئەمساڵ دایک و باوکان باس لەوە دەکەن منداڵان دوو یان سێ جار تووشی ئەم پەتایە دەبن و بەردەوام کۆخە و دەنگ لە سینگیان هەیە".
گوتیشی: "هۆکارێک ئەوەیە لە دووساڵی رابردوودا بەهۆی نەبوونی دەوامی قوتابخانەکان پەتای وەرزی کەمتربووە، بۆیە منداڵان سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە".
د. پشدەر، باسی لەوەشکرد: "بە گشتی 200 جۆر ڤایرۆس هەن کە مرۆڤ تووشی پەتا دەکەن، بەڵام گەورەکان کەمتر تووش دەبن، چونکە لە تەمەنی منداڵی تووشبوونە و بەرگری لەشیان بەهێزترە".
رێنمایی دایک و باوکانیش دەکات: "کە لە خۆیانەوە دەرمان بۆ منداڵەکانیان بەکارنەهێنن، هەروەها نابێ ماڵەکەیان شێداربێت، چونکە کەڕووو دروست دەکات، هاوکات دەبێ سەرجەف لەسەر جێگاکانیان دابخەن، هەروەها کەمتر بۆن بەکاربهێنن و جلی تەڕ لەناو ماڵەوە هەڵنەخەن، لەبەر ئەوەی زۆرجار بۆنی هەیە کە کۆخە زیاتر دەکات و شێ لە ماڵەکەدا زیاتر دەکات".