راگەیه‌ندراوێك لە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە

"داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ زیاتر گرنگی بدات بە هەماهەنگی لیژنەی ئەمنی هاوبەش لەنێوان سووپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە"
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرشەکەی ئەمشەوی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە سه‌ركۆنه‌كرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌: بەداخەوە جارێکی دیكه‌ تیرۆریستانی داعش وەک کاری ترسنۆکانە و تێکدەرانەی هەمیشەییان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری پردێ لە کەرکووک، کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە بەناوی (خالید حمید هیاس) و (ئاکۆ کەریم قادر) سەر بە فەوجی دووی لیوای 10ی پیادە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌، وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئیدانەی هێرشەکە دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین، هەروەها دەستخۆشی لە قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ تیرۆریستان بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان.

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە جه‌ختی كرده‌وه‌، داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ زیاتر گرنگی بدات بە هەماهەنگی لیژنەی ئەمنی هاوبەش لەنێوان سووپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، بۆئەوەی بۆشایی ئەمنی لە سەرجەم هێڵەکانی رووبەڕووبوونەوە پڕ بکەنەوە، تاکو تیرۆریستانی داعش زەفەر نەهێنن و ئەم رووداوە نەخوازراوانە دووبارە نەبنەوە.