"عێراق لە سەر ئاستی جیھان پێنجەم پیسترین ژینگەی ھەیە"
K24- ههولێر:
گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، ھەر بۆیە 26ـمین کۆڕبەندی گۆڕانکاریەکانی کەشوھەوا، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەی دهبات، کە باس لە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوای جیھان دەکرێت و کەمکردنەوەی دەردانی گازە کاربۆنییەکان تەوەرێکی سهرهكی کۆڕبەندەکەیە، کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە گەیشتۆتە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش.
وتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشکرای دەکات کە پلانێکی ھاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق داناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەریانەی کە لە داھاتوودا بەھۆی ئەو گۆڕانکاریانەوە دروست دەبن .
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق لە سەر ئاستی جیھان پێنجەم وڵاتە کە پیسترین ژینگەی ھەیە، لەم بابەتەش بەشێک لەو پیسبونە ژینگەییە بەر ھەرێمی کوردستان دەکەوێت کە بەشێکی زۆریان بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواوەیە.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات پلانێک دانراوە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە کەم بکرێتەوە کە بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا ڕودەدەن.
رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان به كوردستان24ـی راگهیاند، بەھۆی زۆر دەردانی گازە ژەھراوییەکان ئێستا بەشێکی زۆری جیهان لە ژێر کاریگەری گەرمبوونی زەوی و پیسبونی ژینگەن.
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوهبهری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەی ھەرێمی کوردستان لهمبارهیهوه رایگهیاند، وەزارەتی ژینگەی عێراق و دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کار لە سەر پلانێک دەکەن بۆ لە مەودوا ھەر پڕۆژەیەک ژینگەیی بێت و پشت بە وزە نوێبووەکان ببەستێت، لە ڕێگەی نێودەوڵەتیەوە ھاوکاری دارایی بۆ کۆ دەکرێتەوە و تێچووی سەرجەم پڕۆژەکەش لە ئەستۆی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان دەبێت.