یەکەم لێدوانی چاڤی لەدوای وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێز
چاڤی هێرناندێز

چاڤی لە فڕۆکەخانەی دەوحە لەکاتی خۆئامادەکردنی بۆ گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا قسەی بۆ میدیاکان کرد و لەدوای وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا پلانی خۆی بۆ یانەکە ئاشکراکرد.

چاڤی هیرناندێز راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا گوتی 'ئەوەی لە تواناماندا بێت لەپێناوی یانەکە دەیکەین، دواجار ئێمە بارسێلۆناین باشترین یانەی جیهانین، بێگومان باشترین یانەی جیهانیش دەبێت بباتەوە نابێت یەکسان بێت یان بدۆڕێت'.

هەروەها راهێنەرەکەی پێشووی سەدی قەتەری گوتیشی 'ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین تا یاریزانەکان دڵخۆش بن، بێگومان من هەمیشە کەسێکی ئەرێنیم، هەموو رێگایەک دەگرمە بەر بۆ ئەوەی هەموو شتێک بەباشی بەڕێوە بچێت، ئەم ئالنگارییە گەورەترین دەبێت لە کاروانی وەرزشیمدا، من دەگەڕێمەوە ماڵەکەم دەگەڕێمەوە نیشتیمانەکەم، هەمووان بە ئەرکی خۆیان هەڵسان بەتایبەتی یانەی بارسێلۆنا، من سوپاسی ئەو متمانەیان دەکەم'.

چاڤی لەبارەی دۆخی ئێستای بارسێلۆنا گوتی 'ئێستا بارسێلۆنا بە باشترین دۆخیدا تێپەڕ نابێت، بۆیە من دەمەوێت سەرەتا لەگەڵ یاریزانەکان کۆببمەوە و پلان و بیرۆکەی خۆمیان بۆ روون بکەمەوە، پێویستە هەموومان بەکۆمەڵ کار بکەین و جارێکی دیکە لە خولەکی یەکەمەوە دەستپێبکەینەوە، بۆ ئەوەی یانەکە بگەڕێنینەوە سەر رێچکەی جاران، من پێموایە ئێستا یانەکە کۆمەڵێک یاریزانی باشی هەیە'.