ماوەی دوورکەوتنەوەی ئانسو فاتی لە یاریکردن راگەیاندرا

ئانسو فاتی
ئانسو فاتی

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەفەرمی رایگەیاند، ئانسو فاتی لە رانی چەپی تووشی پێکان بووە، بەمهۆیەوە ماوەیەک لە یاریکردن دادەبڕێت.

ئانسو فاتی لە یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ کە 3-3 یەکسانبوون، لە رانی چەپی تووشی پێکان بوو، دوای یارییەکە بە دارشەقە یاریگای بەجێهێشت، یانەی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی ئاشکرایکردووە، فاتی لە رانی چەپی تووشی پێکان بووە بەڵام بەبێ ئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریکردن ئاشکرا بکات.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەلایەنی کەم فاتی بۆ ماوەی مانگێک لە یاریکردن دادەبڕێت، لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیۆل، بێنفیکا ڤیاڕیال، ریال بیتیس و بایرن میونشن بێبەش دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە باشترین حاڵەتدا رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو لە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا بگەڕێتەوە یاریکردن.

ئەم وەرزە پێکان بەرۆکی بلاوگرانای گرتووە، لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی پێکانەوە بارسێلۆنا تواناکانی ئۆسمان دێمبلی و سێرجینۆ دێستیشی لەدەست دا.