وه‌زیری دارایی عێراق واژۆی له‌سه‌ر ناردنی 203 ملیار دینار كرد
K24 - هه‌ولێر:
دوای هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری دارایی عێراق واژۆی له‌سه‌ر ناردنی بڕی 203 ملیار دینار كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان.
له‌م بڕه پاره‌یه 200 ملیار به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه له بودجه‌ی گشتی فیدرالی عێراق، كه مافێكی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه، 3 ملیاره‌كه‌ش بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێره و به هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به كوردستان24ی راگه‌یاند، سبه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌گاته وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ستیپێكردووه و تا ئێستا مووچه‌ی ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه دابه‌شكراوه و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌و 200 ملیاره به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێریش، سه‌رچاوه‌یه‌ك له پارێزگای هه‌ولێر به كوردستان24ی راگه‌یاند، ئاماده‌كاری كراوه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووه‌كه دابه‌ش بكرێت، پێشتریش لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن چووه‌ته شوێنه‌كان و بڕی قه‌ره‌بووی هه‌ر ماڵێكی زیانلێكه‌وتووی ده‌ستنیشان كردووه، كه 3 هه‌زار دۆلاره.