كۆچبه‌ره كورده‌كانی سنووری بێلارووس كراونه‌ته گه‌مه‌یه‌كی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ئه‌م هه‌فته‌یه كۆچبه‌ره كورده‌كان، كه به‌شێكی زۆریان وه‌ك هه‌زاران كه‌سی دیكه له عێراق و سووریا و ئێرانه‌وه هه‌ڵاتوون، حكومه‌تی بێلاڕووس وه‌ك تۆپێك له‌نێو گه‌مه‌یه‌كی سیاسی‌دا به‌كاریانده‌هێنێت دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا كه پێشتر توركیا ئه‌م كارته‌ی تاقیكردووه‌ته‌وه و سه‌ركه‌وتوو بووه.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا و گه‌وره دیپلۆماتی یه‌كێتی ئه‌وروپا، رۆژی 8ی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) بێلاڕووسی تۆمه‌تباركرد، كه كۆچبه‌ری نایاسایی وه‌ك چه‌كێكی سیاسی بۆ فشارخستنه سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌كارده‌هێنێت، به‌رامبه‌ر ئه‌و سزایانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا (EU) سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌ر مینسك- بێلاڕووس.
هه‌روه‌ها كه‌ناڵی بی بی سی ئه‌و لێدوانه‌ی گابریلۆس لاندسبیرگیس-ی وه‌زیری بڵاوكرده‌وه، كه له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا-دا له برۆكسل، وتی: "بێلارووس كۆچبه‌ران به ئاسانی ده‌گه‌یه‌نێته وڵاته‌كه‌ی و له‌وێشه‌وه به ئاسانی ده‌گه‌یه‌نێته سنووری پۆڵه‌ندا".
چاودێرانی سیاسی پێیانوایه هاووڵاتییه كورده‌كانی عێراق و سووریا زۆرترین كۆچبه‌ری نێو ئه‌و سنووره‌ن و به تۆپێكی ئه‌و گه‌مه سیاسییه داده‌نرێن، كه له نێوان بێلاڕووس و یه‌كێتی ئه‌وروپا روویداوه.
ئه‌وان پێیانوایه گه‌یشتن به بێلاڕووس ئاسان و ساده نییه، ئه‌گه‌ر بێلاڕووس ده‌رگای وه‌رگرتنی ڤیزایه‌ی نه‌كردبێته‌وه، بۆیه حكومه‌تی بێلاڕووس له رێگه‌ی بانده قاچاخچییه‌كانه‌وه به ئاسانی ڤیزا چنگی هاووڵاتیان ده‌خات تا خۆیان بگه‌یه‌ننه وڵاته‌كه‌ی.
ئه‌وان ده‌ڵێن وه‌ك چۆن ئۆكرانیا سنووری خۆی كۆنترۆڵكردووه و ناهێڵێت كه‌س بگاته سنوری پۆڵه‌ندا و بولگاریا، ئه‌وا بێلارووسیش ده‌توانێت ئه‌م كاره بكات، به‌ڵام له ئێستادا پێویستی به‌وه‌یه له‌و سنووره دژی ئه‌وروپا ئه‌و قه‌یرانه دروست بكات.
میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا شه‌وی 9ی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) باسیان له‌وه‌كرد، كه كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی بێلاڕووس له راپۆرته‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌یاندا باسی ئه‌و سه‌دان كۆچبه‌ره كورد و عێراقی و ئێرانی و سووری و ئه‌فغانییانه‌یان كردووه، كه له دواهه‌مین وێستگه‌دا گه‌یشتوونه‌ته سنووری نێوان بیلاڕووس و پۆڵه‌ندا، به‌شێكیان له سه‌رمادا مردوون و قه‌یرانێكی له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا دروستكردووه.
یه‌كێتی ئه‌وروپا پێیوایه وه‌ك چۆن ساڵی 2020 توركیا هه‌مان ته‌كتیكی به‌كارهێنا و پێشتریش له 2015، به‌هۆی ئه‌م ته‌كتیكه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له كۆچبه‌ره كورده‌كان و سوورییه‌كان گه‌یشتنه ئه‌وروپا، ئه‌مجاره بێلاڕووس هه‌مان ته‌كتیك به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام ساڵی 2014 و 2020 بولگاریا و یۆنان نه‌یانتوانی كۆنتۆڵی لێشاوه‌كه بكه‌ن، ئه‌مجاره پۆڵه‌ندا توانیویه‌تی كۆنترۆڵی سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بێلاڕووس بكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌نادات سنووره‌كه‌ی ببڕن، بۆیه ئه‌و سنووره ئێستا بووه‌ته جێگه‌ی مه‌رگ بۆ په‌نابه‌ران و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئێن پی ئاڕ، هێزه ئه‌منییه‌كانی پۆڵه‌ندا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 10ی تشرینی دووه‌م (نۆڤێمبه‌ری 2021) رووبه‌ڕووی ژماره‌یه‌ك زۆری كۆچبه‌ر بوونه‌ته‌وه، كاتێك ویستوویانه سنووره ته‌لبه‌ندییه‌كه‌ی نێوان بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا ببڕن.
ماریۆس باشكزاك، وه‌زیری به‌رگری پۆڵه‌ندا له تویتێكدا رایگه‌یاند، كه هێزی زیاتریان ره‌وانه‌ی سنووره‌كه كردووه كه خۆی له 12 هه‌زار سه‌ربازدا ده‌بینێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 4 هه‌زار و 500 پاسه‌وانی سنوور له سنووری نێوان ئه‌و دوو وڵاته جێگیركراون.
ئێن پی ئار نووسیویه‌تی: "به‌پێی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه پۆڵه‌ندا ئاماژه‌ی پێداوه، هه‌ر كۆچبه‌رێك 5 سه‌بازی به‌ره‌كه‌وێت، چونكه ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له سنووره‌كه حكومه‌تی بێلاڕووس مۆڵی داون، به 2 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت".
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی له‌لایه‌ن په‌نابه‌رانه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه، له‌لایه‌ن پۆڵه‌نداوه، ئه‌وه نیشانده‌دات كه هێزه ئه‌منییه‌كانی بێلاڕووس شانبه‌شانی كۆچبه‌ران له سنووره‌كه هانی خه‌ڵكه‌كه ده‌ده‌ن كه بچنه ئه‌ودیو سنووره‌كه، كه ئه‌مه‌ش له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بێلارووس تووشی سزای گه‌وره ده‌كات.
له‌به‌رامبه‌ردا هێزی سه‌ربازی پۆڵه‌ندا له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و ته‌نانه‌ت ورده ورده پۆلیسی سنوور له ناوچه‌كه دوور ده‌خرێته‌وه و له‌بری ئه‌وان سه‌ربازی ناتۆ و پۆڵه‌ندا جێگیرده‌كرێت و پۆڵه‌ندا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه ئه‌گه‌ر بیلاڕووس كۆنترۆڵی نه‌كات، ئه‌وا ده‌چێته سنووری وڵاته‌كه‌یه‌وه بۆ كۆنترۆڵكردن. هه‌ر بۆیه ماتیوس مۆراویكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا له په‌یامێكیدا له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "سنووری پۆڵه‌ندا ته‌نیا هێڵێك نییه له‌سه‌ر نه‌خشه و به‌س، به‌ڵكو سنوورێكی پیرۆزه، خوێنی پۆڵه‌ندی ده‌مێكه له پێناویدا رژاوه".
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست نووسیویه‌تی، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بیلاڕووس تۆمه‌تبار ده‌كات، به دروستكردنی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی، هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات، كه پێویسته به زووترین كات هاوكاری مرۆیی له رێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بگاته ئه‌و كۆچبه‌رانه، كه له دارستانێكی به‌سته‌ڵه‌كدا گیریانخواردووه.
میشاو توكارچیك، گوته‌بێژ به‌ناوی سه‌ركرده‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری پۆڵه‌ندا، به سی ئێن ئێن-ی گوت: خزمه‌تگوزارییه‌كانی بێلارووس گرووپی گه‌وره‌ی كۆچبه‌ران ده‌گوازنه‌وه، ئێمه‌ش چاوه‌ڕێی جوڵه‌ی زیاترین و له ئاماده‌باشیداین بۆ هه‌ر سیناریۆیه‌كی دیكه، كه رووبدات.
پرۆفیسۆر جینكارلۆ كاسال، له زانكۆی مینیسۆتا كه پسپۆرێتی له بواری مێژووی كۆچبه‌راندا هه‌یه له لێدوانێكدا له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه بۆ كوردستان24 گوتی: "ئه‌و كۆچبه‌رانه ئێستا له دۆخی قاچاخ ده‌رچوون، ئه‌وان به ئاشكرا ده‌یانه‌وێت بگه‌نه ئه‌وروپا، كه ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌نگه". گوتیشی: "دوو رێگه هه‌یه له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و بێلاڕووس، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا سوور بێت له‌سه‌ر سزاكانی له‌سه‌ر بێلاڕووس، چونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌مێك سزاكانی سوك بكات؛ ئه‌وا بێلارووس به زۆره‌ملێ ده‌یانگێڕێته‌وه وڵاته‌كه‌یان".
كاسال ئه‌و دوو رێگه‌یه‌ی خسته‌ڕوو، یان ئه‌وه‌تا نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كه‌مپێكی په‌نابه‌ر له‌ناو بێلاڕووس بۆ په‌نابه‌ران بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی دورودرێژ و تاقه‌ت پڕوكێنه، وه‌ك ئه‌و كه‌مپانه‌ی له توركیا و ئوردن و میسر و زۆر ده‌وڵه‌تی دیكه هه‌ن و له چاوه‌ڕوانییه‌كی دورودرێژدان یان ده‌بێت بێلاڕووس مافی مانه‌وه‌ی كاتیان بداتێ، چونكه ئه‌سته‌نگه پۆڵه‌ندا رێگه بدات به بڕینی وڵاته‌كه‌ی چونكه پۆڵه‌ندا وه‌ك لاتیڤیا و لیتوانیا نییه!.
گوتیشی: "دواهه‌مین ئۆپشن له رێگه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه ئه‌وه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان كه ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگ و قورس و ناخۆشه".
كاسال باسی له‌وه‌كرد، ئه‌م كۆچبه‌رانه هه‌مان رووداوی مانگی رابردووی كۆچبه‌ره هایتی-یه‌كانی نێوان سنووری مه‌كسیك و ئه‌مه‌ریكامان بیردێنێته‌وه، كه دواجار گه‌ڕێنرانه‌وه وڵاتی هایتی.
له سه‌ره‌تای هاوینه‌وه لێشاوی كۆچبه‌ران له عیراق و سووریا و دواتریش ئه‌فغانستان رێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌تیان دۆزییه‌وه بۆ گه‌یشتن به ئه‌وروپا، كه ئه‌ویش بێلاڕووس بوو، یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌له‌كسه‌نده‌ر لۆكاچینكۆ -ی سه‌رۆكی بێلاڕووسی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه هانی كۆچبه‌ران ده‌دات بگه‌نه مینسك-ی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی و دواتر به شێوه‌یه‌كی نایاسایی له رێگه‌ی پۆڵه‌ندا، لاتیڤیا و لیتوانیا-ه‌وه بگه‌نه ئه‌وروپا.