وریا قه‌ره‌داغی: ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی له‌باره‌ی ژیانی ئه‌وروپا ده‌كرێن راست نین
K24 - هه‌ولێر:
وریا قه‌ره‌داغی، شاره‌زا له كاروباری نێوده‌وڵه‌تی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وروپا ئه‌و به‌هه‌شته نییه كه به پاڵدانه‌وه‌و بێكاری پاره‌ت بۆ بێننه ناو ماڵ.
وریا قه‌ره‌داغی رایگه‌یاند، ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی كه بۆ ئه‌وه ده‌كرێت هه‌روا له‌خۆڕا پاره‌و خانووت پێده‌ده‌ن راست نییه، ته‌نیا له كوردستانیش مه‌سه‌له‌ی كۆچبه‌ر به‌مشێوه زه‌قكراوه‌ته‌وه، له وڵاتانی دیكه‌ش ئه‌و پرسه بوونی هه‌یه.
راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له سه‌ر سنووره‌كانی بێلارووس و پۆڵه‌ندا رووده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندی به ململانێی سیاسی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2005 و ده‌رچوونی لۆكاچینكۆه هه‌یه، كه خۆی وه‌ك سه‌رۆكی بێلارووس ناساند، یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ر زوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به ساخته وه‌سفكرد، جیا له‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی مینسك فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌وروپیان له ئاسماندا هێنایه خواره‌وه، چونكه رۆژنامه‌نووسێكی ئۆپۆزسیۆنی بێلارووسی تێدابوو، دووباره بووه مایه‌ی گله‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا.
قه‌ره‌داغی ئاماژه‌یپێكرد، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له سنووره‌كانی بێلارووس و پۆڵه‌ندا هه‌ن، قوربانی ململانێكی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و مێنسكه.
جه‌ختیكرده‌وه، بڕینی مووچه‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری هه‌بووه بۆ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كۆچكردنی خه‌ڵكی هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا پڕوپاگه‌نده‌ی به به‌هه‌شتبوونی ئه‌وروپاش هۆكاری گه‌وره‌ن كه گه‌نجان به‌ره و ئه‌وروپا كۆچ بكه‌ن، واته مه‌سه‌له‌كه ماددیه.
وریا قه‌ره‌داغی روونیكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی دێنه ئه‌وروپا كرێكاری ده‌كه‌ن، پێم وایه كرێكاری له كوردستانیش هه‌یه كه بیكات.