مێسی دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ بەڕازیل: گرنگ ئەوەبوو نەدۆڕاین

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

مێسی دوای یەکسانبوونیان لە یاریی کلاسیکۆ هۆکاری دابەزینی ئاستی لە یارییەکە ئاشکراکرد و گوتیشی 'گرنگ ئەوەبوو لە یارییەکە نەدۆڕاین'.

لیۆنێل مێسی دوای یارییەکەیان بەرامبەر بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان گوتی 'ئێمە دەمانزانی یارییەکە بەمشێوەیە سەخت دەبێت، یارییەکە داخراو بوو، ئەستەم بوو یاریی بکەی، راستە ئێمە نەمانبردەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە لە یارییەکە نەدۆڕاین، هیوادرام لە یاریی داهاتوو ببەینەوە'.

لیۆ لەبارەی دابەزینی ئاستی لە یارییەکە گوتی 'من سەلامەتم ئەگەر ئامادە نەبوومایە یاریم نەدەکرد، دەمێک بوو من لە یاریکردن دابڕابووم بەڵام لەم یارییە بە سەرەکی یاریم دەکرد، دەمێک بوو لە یاریکردن دابڕابووم بۆیە کاریگەریی لەسەر ئاستم هەبوو، ریتمی یاریکردنم لەدەست دابوو، بەتایبەتی لە یارییەکەی ئەمڕۆ کە پڕبوو لە بەیەکداکەوتن و یارییەکی توند بوو، من بەگوێرەی پێویست خێرا و بەهێز نەبووم لەکاتێکدا یارییەکە زۆر توند و خێرا بوو بۆیە ریتمی یارییەکەم لەدەست دابوو'.

ئارجێنتینا بە یەکسانبوونی لەگەڵ بەڕازیل گەیشتنی بۆ مۆندیالی 2022 مسۆگەرکرد و مێسی بۆ جاری پێنجەمین خۆی گەیاندە مۆندیال.