زیاتر لە 400 کۆچبەر لە بێلاڕووس دەگەڕێنەوە کوردستان

کۆچبەران بە فڕۆکە دەگەڕێنەوە هەولێر
کۆچبەران لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا
کۆچبەران لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا

K24 - هەولێر

بڕیارە کاتژمێر 6 و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسەوە بگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى 430 کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە، کە ماوەیەکى زۆرە لەنێوان سنوورەکانى بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان کردبوو.

ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بە نیاز بوون بەرە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە رێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا ولیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لەنێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و رێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان.

بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێکهێنرا.  نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 پەناخواز ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 6ى ئێوارە یەکەم فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسەوە بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە تواناى هەڵگرتنى 430 سەرنشینى هەیە و ئەوکۆچبەرانەى کە دەیانگەڕێنێتەوە، کوردستانى و عێراقین. دواى دابەزینى پەناخوازە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بیلاڕووسییەکە دەچێتە بەغدا بۆ دابەزاندنى پەناخوازە عێراقییەکان.

بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیانلەدەست داوە و بەشێکی تریشیان ڤیزاکانیان بە سەر چووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەیپەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا چوونەتەبێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. تیمەکە، پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بە سەر چووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوەکە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆڕۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن.

ئەو پەناخوازانەی کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندار لە حکومەتى هەرێم پێشوازییان لێدەکرێت و میدیاکانیش رووماڵی گەڕانەوەیان دەکەن.

ئەو پەناخوازانەى کە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت، بڕیاریشە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین رۆژە لەسەرسنوورەکان و لەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکى زۆر و لە دۆخێکى نەخوازراو و ناتەندرووست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بەچارەسەر هەبێت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان