حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشە لە پلاسخارت دەکات

"ئەگەر شەڕێکی ناوخۆیی لە عێراق رووبدات، لە پێشدا ئەمەریکا و ئیسرائیل و سعوودیە دەسووتێنێت".
جەکدارانی حزبوڵڵای عێراقی - ئەرشیف
جەکدارانی حزبوڵڵای عێراقی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای عێراق، لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڕەشە لە پلاسخارت و وڵاتان دەکات.

ئەبو حوسێن حمێداوی، لە دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، لە پەیامێکی پڕ هەڕەشەدا کە ئاراستەی جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق کردووە، دەڵێت: "یان دەبێت هەموو لایەک لە سەقامگیریی و خۆشی سوودمەند بن، یان دەبێ هەمووان لێی بێبەش بن".

ئەمیندرای گشتی حزبوڵڵا ئاماژەیداوە: "دڵنیابن لەوەی گرەوکردنتان لەسەر پەراوێزکردنی گرووپێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی عێراقی بێهودە دەمێنێتەوە، هەروەها ئارەزوتان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی بە هەوڵی ئاقڵمەندان شکستی پێدەهێنرێت".

راشیگەیاند: "ئەگەر شەڕێکی ناوخۆیی لە عێراق رووبدات، ئەوە لەلایەن بەرەی مقاوەمە لە پێشدا ئاگری شەڕەکە هەر یەک لە ئەمەریکا، ئیسرائیل و سعوودیە دەسووتێنێت، هەر بۆیە یان دەبێت هەموو لایەک لە سەقامگیریی و خۆشیدا سوودمەند بن، یان دەبێ هەمووان لێی بێبەش بن".

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای عێراق دەڵێ: "ئەمە پەیامێکی فەرمیی و بەرپرسانەیە، خۆشیان باش دەیزانن عێراقییەکان چ توانایەکیان لە گورز وەشاندن و هەژاندنی دەسەڵاتیان هەیە، بۆیە دڵخۆش و دڵنیا نەبن".