وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ماڵباتی شەهیدانی گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان دیدارێكیان ئه‌نجامدا

"گەلی  كورد و ئەمەریكا له‌ قوربانیدان لەیەكتر دەچن"
ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان دیدارێكیان ئه‌نجامدا
ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان دیدارێكیان ئه‌نجامدا

K24- هه‌ولێر:‌

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكرده‌وه‌، سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەمید روكن هەژار عومەر راوێژكاری وەزارەت، پێشوازیان لە ژمارەیەك ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان لە شاری هەولێر كرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وەك هێمایەك بۆ  پێكەوە قوربانیدانی هەردوو گەلی كورد و ئه‌مه‌ریكا لە جەنگی تیرۆردا، ژمارەیەك ماڵباتی شەهیدی هەردوو گەلی ئه‌مه‌ریكا و كوردستان، كە رۆڵەكانیان لە پێناو مرۆڤایەتیدا گیانی خۆیان بەختكردووە، له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی كران.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، بریكاری وەزارەت بەناوی شەهیدانی گەلی كوردستان سڵاوی بۆ شەهیدانی ئەمەریكا نارد، ئەو رۆژەی بە گرنگ و پڕ بایەخ زانی، كە هەردوولا لە قوربانیدانی یەكتر تێدەگەن، گەلی ئەمه‌ریكا و گەلی كوردستان خاوەن یەك ئامانجن، ئەویش پاراستنی مرۆڤایەتیە، لە رێگەی دژایەتی و بنبڕكردنی تیرۆر لە جیهاندا، كه‌ ئامانجێكی زۆر گرنگ و مەزنە.

راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌شیپێكرد، لە دیدارەکەدا، سەرۆكی رێكخراوی پڕۆگرامی هاوكاری قوربانیانی ئەمەریكا TAPS، بە هەمان شێوە گوتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا، سوپاسی پێشوازی و میوانداری گەلی كوردستان و وەزارەتی  پێشمەرگەی كرد، دواتر تیشكی خستە سەر ئەو ئامانجانەی، كە رێكخراوەكەیان لە پێناوی دامەزراوە، ئەویش لە یەک نزیك كردنەوەی خێزانی شەهیدان و تێگەیشتنە لە ئێش و ئازارەكانی ئەوانەی  لە پێناو ئاشتی و ئازادی و دیموكراسیدا قوربانیان داوە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونیكرده‌وه‌،  هەریەكە  لە  بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی  سوپای ئەمه‌ریكا بەیەكەوە گفتوگۆیەكی راشكاوانەیان ئه‌نجامدا، دواتر  بەشێك لە خێزانەكانی سوپای ئەمەریكا ژیاننامە و ستۆری خۆیان پێشكەشكرد، ئەوەشیان دەرخست، كە هەردوو  گەلی  كوردستان و ئەمەریكا له‌ قوربانیدان لەیەكتر دەچن.

 ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمریكا و كوردستان
ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كورد
دیداری نێوان ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمریكا و كوردستان / هه‌ولێر
دیداری نێوان ماڵباتی شەهیدانی هەردوو گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان / هه‌ولێر
 ماڵباتی شەهیدانی گەلی ئەمریكا و كوردستان
ماڵباتی شەهیدانی گەلی ئەمه‌ریكا و كوردستان