شوفێران تابلۆ لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەبەستن و پارە وەردەگرن

پڕۆژەیەکی هاوبەشە و هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێ
پڕۆژەی تەکسی ئارت
پڕۆژەی تەکسی ئارت

K24 - هەولێر

شێوازێکی نوێی ریکلام کردن، لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، ئەویش تەکسی ئارتە، پڕۆژەکە هاوبەشە لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت. هەلی کاری بۆ سەدان کەس رەخساندووە، خاوەنی بیرۆکەکە ئاماژە بەوە دەکات "پڕۆژەکەیان بووەتە هۆی زیادکردنی داهات بۆ شوفێرانی تاکسی. لەلایەکی دیکەوە تابلۆی سەر تاکسییەکان سیمایەکی جوانی بە شەقامەکان داوە".

ئەمیر یوسف، شوفێری تەکسییە و بەشداری لە پڕۆژەکە کردووە بە کوردستان24ی گوت: "مانگانە 90 هەزارمان پێدەدەن و پڕۆژەیەکی نوێ و جوانە لەناو شاردا".

گوتیشی: "زۆر کەس لێم دەپرسن ئەوە چییە لە ئۆتۆمبێلەکەت داوە، منیش بۆیان باس دەکەم کە ریکلامی کۆمپانیای تەکسی ئاڕتە".

بۆ بەستنی تابلۆکە دەزگایەکی تایبەتیان هەیە، کە بۆ ناونووسین و رێکخستنی تابلۆکە، لەوێ دەیان گەنج دامەزراون و بوونەتە خاوەن کار، سەرپەرشتیاری دەزگاکە دەڵێت، رۆژانە خواست بۆ بەستنی تابلۆکانیان زیاد دەبێت.

ئەحمەد عەتاڵڵا، وەک تەکنیککار لە پڕۆژەکە کار دەکات و دەڵێ: "ئەو تابلۆیە بەشێوەیەک دروستکراوە کە زیان بە ئۆتۆمبێلەکە ناگەیەنێت و دەنگ لەناو ئۆتۆمبێل دروست ناکات".

خاوەنکارەکە لەبارەی ئامانجی پڕۆژە هاوبەشە باس لەوە دەکات، ماوەیەکی زۆرە بیریان لە شێوازێکی نوێی رێکلامکردن کردووەتەوە، کە لە بەژەوەندی گشتیدا دابێت.

سرووش هەرکی، خاوەنکار بە کوردستان24ی راگەیاند: "پڕۆژەی تەکسی ریکلام لە زۆربەی شارە مۆدێرن و گەورەکانی جیهان هەیە، ئێمەش پێمان باش بوو ئەو شێوازە ریکلام کردنە لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت، دەستمان پێکرد".

راشیگەیاند: "پڕۆژەکە هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێ و کاریش بۆ شوفێران زیاد دەکات".

تائێستا زیاتر لە 1200 تابلۆ بۆ تاکسییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەستراون، پلانیشیان هەیە لە داهاتوودا کار لەسەر شارو شارۆچکەکانی دیکەش بکەن، لەهەمانکاتدا ئامرازەکانی دیکەی گواستنەوە بکەنە ئامانجی کارەکانی خۆیان.