دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ پارکی ھەواری شار لە سلێمانی خەرج دەکرێت

لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ئه‌و گوژمەیه‌ دراوه‌
گۆژمه‌یه‌ك بۆ چاکسازی پارکی ھەواری شار لە پارێزگای سلێمانی ته‌رخان كرا
گۆژمه‌یه‌ك بۆ چاکسازی پارکی ھەواری شار لە پارێزگای سلێمانی ته‌رخان كرا

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، لەسەر راسپاردەی "مەسرور بارزانی"، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی درا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 2 ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەڕێوەبردن و چاکسازی پارکی ھەواری شار لە پارێزگای سلێمانی، ئەو بڕە پارەیەش قۆناغ بە قۆناغ و بە شێوەی نەختینە خەرج دەکرێت.

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووه‌، دوای ئامادەکردن و گرتنەبەری گشت رێکارەکانی پرۆسەی تەندەرین، پڕۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و لەلایەن کۆمپانیای (لانتانا)ـش جێبەجێ دەکرێت.

پێشتر لە میانی سەردانیکردنی "مەسرور بارزانی"، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 4 ملیار و 527 ملیۆن و 454 هه‌زار و 500 دینار، لەسەر بودجەی وەگەڕخستن بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قوناغ بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و چاکسازی لە چەند پرۆژەیەکی پارێزگای سلێمانی و پارەکەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی خەرج دەکرێت.

پڕۆژەکانیش بریتی بوون لە:

- بەڕێوەبردن و چاکسازی پارکی هەواری شار

- به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی بلواری شه‌ست مه‌تری مه‌لیك مه‌حمود

- به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی بلواری سلێمانی – تاسڵوجه‌