ئێران لە زیادكردنی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت بەردەوامە
K24 - ھەولێر
بەرھەمھێنان و ھەناردەكردنی نەوتی ئێران لە دوو ھەفتەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و تەنیا لە دوو بەندەردا 25 ملیۆن بەرمیل نەوت باركراوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویكرەوە كە ھەناردەكردنی نەوتی ئێران بەرێژەیەكی زۆر زیادیكردووە و ئێستا 25 كەشتی گەورەی گواستنەوەی نەوت، نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا دەگوازنەوە.
رۆیتەرز ئاشكراشی كرد كە تەنیا لە دوو بەندەری خارك و ماھشەھر لە دوو حەفتەدا 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران باركراوە. كۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ لە كەمترین ماوەدا ئاستی بەرھەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بۆ پێش گەمارۆ ئابوورییەكانی سەری بەرز بكاتەوە، كە ئەو كات رۆژانە 3 ملیۆن و 800 ھەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و رۆژانەش 2 ملیۆن 500 ھەزاری ئەو نەوتەی ھەناردە دەكرد.