كۆرۆنای ئه‌فریقی گه‌یشته ئه‌وروپا
K24- هه‌ولێر:
وڵاتی به‌لژیكا رایگه‌یاند، یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به زنجیره‌ی ئه‌فریقیی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌یان تۆمار كرا، كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م حاڵه‌تی گۆڕاوه نوێیه‌كه‌ی ئه‌فریقیایه له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا تۆمار بكرێت و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ڤایرۆسه‌كه له وڵاتێكی عه‌ره‌بیییه‌وه له‌ڕێگه‌ی كه‌سێكه‌وه گوازراوه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌یان، كه ڤاكسینی دژی كۆرۆنای وه‌رنه‌گرتووه.
له‌كاتێكدا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی یه‌كه‌م حاڵه‌تی گۆڕاوه ئه‌رفریقییه‌كه، خه‌ڵكی ئه‌وروپا هه‌ست به ترس و نیگه‌رانی ده‌كات، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، فرانك فاندنبرۆك، وه‌زیری ته‌ندروستی به‌لژیكا گوتی: "به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه حاڵه‌تێكی گۆڕاوی ئه‌فریقیمان هه‌یه، كه به "بی 1.1.529" ناسراوه و بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌و گۆڕاوه له باشووری ئه‌فریقیا بڵاوبووه‌وه".
ئاشكراشیكرد، له رۆژی 22ی ئه‌م مانگه پشكنینه‌كانی كه‌سی تووشبوو به پۆزه‌تیڤ گه‌ڕانه‌وه و گوتی: پێشتر ئه‌و كه‌سه تووشی كۆرۆنا نه‌ببوو.
مارك فان رانست، زانای په‌تاكای به‌لژیكا گوتی: "كه‌سی تووشبوو له 11ی ئه‌م مانگه له وڵاتی میسر گه‌ڕابووه‌وه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دڵنیاین كه ئه‌و حاڵه‌ته جۆره نوییه‌كه‌یه، به‌ڵام نازانین تا چه‌ند مه‌ترسیداره، به‌ڵام بۆ دڵنیایی خۆمان، ئه‌وروپا گه‌شته ئاسمانییه‌كانی وڵاتانی ئه‌فریقیای باشوور راده‌گرێت".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "رێكاره‌كان زۆر به وریایین، به‌ڵام پێویست به هه‌ڵچوون ناكات، لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسییه‌كانی كۆڤیدی به‌لژیكی دۆخه‌كه شرۆڤه ده‌كات".
هه‌ر ئه‌مڕۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، كۆمیسیاری باڵای كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێشنیازی كرد، وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه گه‌شته ئاسمانییه‌كانیان بۆ كیشوه‌ری ئه‌فریقیا رابگرن.
ڤۆن دێر لاین له تویتێكدا رایگه‌یاند، هاوشێوه‌ی به‌ریتانیا پێشنیاز ده‌كه‌ین سه‌رجه‌م گه‌شته فڕۆكه‌وانییه‌كان بۆ ئه‌فریقیا رابگیرێن.
H.B