رووسیا نووسەری بابەتێک لەبارەی هەرێمی کوردستان خەڵات دەکات

"لە بابەتەکەدا باسی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی گەلی کوردم کردووە"
کاتی بەخشینی خەڵات بە ڤلادیسلاڤ  چیڤاچین، نووسەری بابەتێک لەبارەی کوردستان - مۆسکۆ
کاتی بەخشینی خەڵات بە ڤلادیسلاڤ چیڤاچین، نووسەری بابەتێک لەبارەی کوردستان - مۆسکۆ

K24 - هەولێر

لە شاری مۆسکۆ، وەزارەتی راگەیاندنی رووسیا، ئەو رۆژنامەنووسە گەنجانەی خەڵاتکرد، کە کاریگەرترین وتاری ساڵیان لە گۆڤار و رۆژنامەکانی رووسیادا بڵاوکردووەتەوە. ڤلادیسلاڤ  چیڤاچین، سەرۆکی رێکخراوی کالینکای رووسیە و تەنیا رۆژنامەنووسی نێو پێشبڕکێکە بوو، وتارەکەی لەبارەی هەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە باشترین بابەتەکان، خەڵاتی وەزارەتی راگەیاندنی رووسیای بۆ ساڵی2021 پێبەخشرا.

ئەلیکساندەر چومیکۆڤ، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێی رۆژنامەوانانی گەنج لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئەمە پێشبڕکێیەکی سەرتاسەرییە لە رووسیای فیدراڵ، ساڵانە وەزارەتی گەشەی دیجیتاڵی و راگەیاندنی رووسیا پێی هەڵدەستێت. ئەم کێبڕکێیە دەوڵەت سازیدەکات، لەم رێگەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ لاوان دوپاتدەکاتەوە، بەشداربووان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، ئەم بۆنەیە 18 ساڵە بەڕێوەدەچێت و لە بواری خۆیدا گەورەترینە لەسەر ئاستی وڵات".

گوتیشی: "بەشداربووان زیاتر سەرەنجیان لەسەر چیرۆکی سەرەنجڕاکێش و پەندئامێزە، ئەو بابەتانەی زیاتر پەسەند کران بریتیبوون لە (وێنەی هاوچەرخ) لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش بابەتی بیانییەکان لە رووسیا، بابەتی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا جێی خۆی کردبوویەوە، ئێمە ئاگادارین کە کوردستانی عێراق چالاکانە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتان گرێدەدات و لەگەڵ رووسیا لە پەیوەندی توندوتۆڵدایە، نووسەر بەم وتارەی توانی خەڵات بەدەست بهێنێت".

ڤلادیسلاڤ  چیڤاچین، سەرۆکی رێکخراوی کالینکای رووسیە و تەنیا رۆژنامەنووسی نێو پێشبڕکێ کە بوو، وتارەکە لەبارەی هەرێمی کوردستان، سەرنجی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەلای خۆیدا راکێشاوە و وەک یەکێک لە باشترین بابەتەکان خەڵاتی وەرگرت. ئەو بە کوردستان24ی گوت: "لە بابەتەکەمدا زیاتر سەرنجم خستووەتە سەر ئاسۆی گەشەی کولتووری نێوان رووسیا و کوردستان، ئەو پڕۆژانەی کە دەشێت لەم بوارەدا جێبەجێ بکرێن، چۆن کوردستان و رووسیا ببنە هاوکاری یەکتر لە بواری پەیوەندییە کولتورییەکاندا و پێگەی ئابووری رووسیا لە کوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە رووسیا زیاتر لە 200 گەل و نەتەوەی جیاواز دەژین، لە کوردستانیش بەهەمان شێوە کۆمەڵێک گەل و نەتەوەی جیاواز بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە گوزەران دەکەن، ئەمە خاڵێکی بەهێزە بۆ درێژەدان بە کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوانمان لە داهاتوودا، هەروەها باسم لە تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی گەلی کورد کردووە".

 باسی لەوەشکرد: "من سەرۆکی رێکخراوی "ساڵی رابردوو لە کوردستان چالاکوان و خۆبەخشەکانی رێکخراوەکەمان، دیارییان بە پۆلێک پزیشکی کوردستان بەخشی، بەتایبەت ئەوانەی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا زەحمەتی زۆریان چەشت، هەنوکەش کاردەکەین لە بواری  پەروەردە و فێرکردن و پزیشکی، دەخوازین هاوکاربین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کوردستان".