ئەمشەو خەڵاتی باڵۆن دۆری 2021 دابەش دەکرێت

خەڵاتی باڵۆن دۆر
خەڵاتی باڵۆن دۆر

ئەمشەو لە پاریس خەڵاتی باڵۆن دۆر دابەش دەکرێت و باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان دەستنیشان دەکرێت.

رۆژی 24ـی مانگی رابردوو 173 رۆژنامەنووس لە سەرتاسەریی جیهان دەنگی خۆیان بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی جیهان داوە، چاوەڕێن ئەمشەو ئەنجامی دەنگدانەکەیان ئاشکرا بکرێت و باشترین یاریزانی ئەمساڵ دەستنیشان بکرێت، کە جگە لەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاتسی پیاوان دەدرێت، لەسەر ئاستی خانمانیش باشترین یاریزان دەستنیشان دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا باشترین گۆڵپارێز و باشترین یاریزانی لاوی جیهانیش هەڵدەبژێردرێت و خەڵاتی یاشین و کوپایان پێدەدرێت.
لەبەر ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ بڕیاریدا خەڵاتی باڵۆن دۆر دابەش نەکات، ئەمساڵ چاوی زیاتر لەسەر مەراسیمەکەیە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان لەو 30 یاریزانەی بۆ خەڵاتەکە بەربژێرن چانسی لیۆنێل مێسی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە هەمووان زیاترە و ئەو دوو یاریزانە رکابەریی سەرەکین لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکە.

زۆربەی پێشبینییەکان: مێسی خەڵاتەکە دەباتەوە
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی ئەنجامیان داوە، زۆرترین رۆژنامەنووس دەنگیان بە مێسی داوە و ئەمشەو لیۆ بۆ جاری حەوتەمین خەڵاتەکە بەرز دەکاتەوە، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و کەناڵی سکای سپۆرتیش پێیانوایە لیۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵی بردووەتەوە و پێشوەختە پێیگوتراوە بەڵام وەکو بەشێک لە پرۆتۆکۆلی گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ بۆ ئاشکراکردنی براوەی خەڵاتەکە نابێت ئاشکرای بکات.
خەڵاتی باڵۆن دۆر لەوەتەی ساڵی 1956ـەوە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە دەبەخشرێت کە دوای ئەوەی چەند ساڵێک لەگەڵ فیفا بەیەکەوە خەڵاتەکەیان دابەش دەکرد، ساڵی 2016 فیفا و فرانس فوتبۆڵ لەیەکتری جیابوونەوە و گۆڤارە فەرەنسییەکە بەتەنیا خەڵاتەکە دەبەخشێت کە مێسی شەش جار خەڵاتەکەی بردووەتەوە و خاوەنی زۆرترین خەڵاتە لە مێژوودا، کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە پلەی دووەم دێت و پێنج جار باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە.

چۆن خەڵاتەکە یەکلا دەکرێتەوە؟

173 رۆژنامەنووس لە وڵاتانی جیهان لە کۆی ئەو 30 یاریزانەی بەربژێرکراون پێنج یاریزان دەستنیشان دەکەن و پلەی یەکەمی ئەو ریزبەندییە شەش خاڵ بەدەست دەهێنێت، پلەی دووەم چوار خاڵ و پلەی سێیەم دوو خاڵ بەدەست دەهێنێت، پلەی چوارەم و پێنجەمیش تەنیا خاڵێک دەست دەخەن.

گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ لەسەر ئەم سێ بنەمایانە داوا لە رۆژنامەنووسەکان دەکات دەنگ بۆ باشترین یاریزانی جیهان بدەن:

یەکەم: دەستکەوتە تاکە کەسی و کۆمەڵەکانی لە ماوەی ئەمساڵدا.

دووەم: بەهرە و رەوشتی یاریزانەکە.

سێیەم: کاروانی وەرزشی یاریزانەکە.