پەرلەمان بەدواداچوونی دوو لیژنە لەبارەی خۆپیشاندانی قوتابیان دەخاتەڕوو

دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان دەدرێت
خۆپیشاندانی قوتابیان
خۆپیشاندانی قوتابیان

K24 – هەولێر

لە سەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان دەدات و بەدواداچوونی هەردوو لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنه‌ خۆجێیەكان، و لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەبارەت بە خۆپیشاندانی قوتابیان دەخاتەڕوو.

به‌رنامه‌ی كاری کۆبوونەوە، کە لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە: "به‌پێی حوكمی مادده‌ی (5) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له مادده‌ی (16) و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له مادده‌ی (18) و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له مادده‌ی (20) و مادده‌كانی (47، 48) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (52) و ماددەكانی (54، 55، 56، 57) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (9)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشەممە رێكه‌وتی 2021/12/1 به‌م شێوه‌یه بێت:

یەكەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای (كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

دووەم: خستنەڕووی بەدواداچوونی هەردوو لیژنەی (ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنه‌ خۆجێیەكان) و لیژنەی (پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی)، سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندكاران.

سێیەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕِۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕِۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.