"نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی وڵاتانی ئه‌وروپی له كابول ده‌كرێنه‌وه"
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له كابول كرد.
ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، بیر له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتكارانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له ئه‌فغانستان بكه‌ینه‌وه.
ماكرۆن روونیكرده‌وه، كردنه‌وه‌ی ئه‌وه نوێنه‌رایه‌تییه، بۆ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپاییه له كابول، ئه‌مه داننان به ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له ئه‌فغانستان نییه، به‌ڵكو بابه‌تێكی دیكه‌یه، پێویسته چه‌كدارانی تاڵیبان رێز له‌و نێرده‌یه بگرن و بیانپارێزن.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جه‌ختیكرده‌وه، له نزیكترین كاتدا پاریس نوێنه‌رایه‌تی خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه هاوبه‌شه‌ی ئه‌وروپا له كابول ده‌كاته‌وه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ماكرۆن دوای ئه‌وه دێت كه ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت به فه‌رمی مامه‌ڵه‌ی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان بكات، دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌م وڵاته‌دا كشانه‌وه و چه‌كدارانی تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستانی گرته ده‌ست.
دوای هاتنی چه‌كدارانی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپایی له كابول كشانه‌وه.
یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی وڵاتانی ئه‌وروپا له كابول ده‌كرێته‌وه، كه ئامانج تێیدا بوونی ئه‌وروپایه له ناوچه‌كه.