نێچیرڤان بارزانی و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانی: هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دوايييه‌ى داعش مه‌ترسی راسته‌قینه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی جیهان ده‌كه‌ن
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هۆشدارى دا، له‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دوايييه‌ى داعش، مه‌ترسيى راسته‌قينه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عيراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى جيهانيش ده‌كات، بۆيه‌ پێويسته‌ پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن و عيراق و هاوبه‌شانى پێكه‌وه‌ كارى جدديتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و له‌ناوبردنى بكه‌ن.

له‌ ميانى پێشوازى و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا له‌گه‌ڵ ئێريك شوڤاليێ، باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عيراق كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/12/5 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها راسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و بوونى سه‌قامگيريى سياسى به‌ پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئۆليڤيێ ديكۆتينى، كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا و به‌رپرسان له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش ئاماده‌ بوون، دوا پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى عيراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى فيدراڵى عيراق و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون، كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تيكشاندنى داعش، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌ربازيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستانى پێويسته‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عيراق، وێڕاى سه‌ره‌خۆشى بۆ شه‌هيدانى ئه‌م دواييه‌ى ده‌ستى تيرۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتيان، به‌رده‌واميى هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عيراقيش هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاتنه‌كايه‌ى حكومه‌تێك كرده‌وه،‌ كه‌ مايه‌ى ره‌زامه‌ندى و كۆكه‌ره‌وه‌ى هێز و پێكهاته‌كانى عيراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارييه‌كانى هاووڵاتيان له‌ ئارامى و ژيانێكى باشتر بێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگارى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببێته‌وه‌ و رۆڵى خۆى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و هاوبه‌شيى كارايان له‌ به‌غدا، په‌تاى كۆڤيد- 19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له‌ بيلاڕووس و پۆله‌ندا، ره‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و شه‌نگال، ئاماده‌يى و رۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ ناوچه‌كه به‌گشى، دوايين پێشهاته‌كانى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق

H.B