دانیشتووانی گوندی لهێبان دەنگۆیەک رەتدەکەنەوە
K24 – هەولێر
دوای ئەوەی بەهۆی هەڕەشەکانی داعش گوندی لهێبان چۆڵکرا، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە گوندنشینانی گوندەکە گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان و رەتیدەکەنەوە کە گوندەکەیان سوتێندرابێت.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی لهێبان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوند گەڕاینەوە سەر ماڵەکانمان، ئەو دەنگۆیەش دوورە لە راستییەوە کە دەگوترێت گوندەکەمان لەلایەن چەکدارانی داعش سوتێنراوە".
بەگوێرەی چەند وێنە و ڤیدیۆیەک کە بۆ کوردستان24 نێردراون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لهێبان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان و داواش لە خەڵکی گوند دەکەن بگەڕێنەوە.
دوای ئەوەی شەوی 4/12/2021، چەکدارانی داعش پەلاماری گوندی لهێبان-ی سەر ناحیەی سەرگەڕانیان دا و دانیشووانی گوندەکە رووبەڕوویان بوونەوە، بەهۆی هەڕەشەکانی داعش دوێنێ یەکشەممە 5/12/2021 گوندنشینانی لهێبان، گوندەکەیان چۆڵکرد، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەیان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.