وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان وه‌ڵامی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌داته‌وه‌

"دابینکردنی ئەو برە گازە، مانگانە پێویستی بە پاڵاوتنی زیاتر لە (1،500،000) بەرمیل نەوتی خاوە! ئەمەش لە خەیاڵ دەچێت و دوورە لە راستییەوە"
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ ژماره‌ وه‌ڵامی په‌رله‌متارێك ده‌داته‌وه‌
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ ژماره‌ وه‌ڵامی په‌رله‌متارێك ده‌داته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ڵامی په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ساڵح-ی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بابه‌تێكی ناڕاستی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا هاتووه‌، سەرەرای بڕیاری (ژ.119) ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتمان بە هیچ شێوەیەک رێگری لە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەکردووه، لە بازگەكانیش هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان:

بە داخەوە لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، بابەتێکی ناڕاستی لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بڵاوکردووەتەوە، کە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم راستیيانە روونبکەینەوە:

1- بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی (دیلۆیت)، وەزارەتمان ڕۆژانە کەمتر لە (25000 بەرمیل) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بری 950،000 لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدراڵ، رۆژانە 1،000،000 لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات، شێوازی دابەشکردنی بە شێوەی (نۆرە- مناوەبەیە) بەسەر ئەو بەنزینخانانەوە، کە لەڕێگەی لیژنەی تایبەت لەوەزارەتمان و بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بەڕەچاوکردنی ناوچە هەژارنشینەکان، بەڵام لەبەر کەمی رێژەی بەنزین و زۆری بەنزینخانەکان توانای دابینکردن بۆ هەموو بەنزینخانەکان کەمە، ئەو کۆمپانیایانەی بە گواستنەوە و کڕینی بەنزینیش راسپێردراون لەگەڵ ئەو بەنزینخانانەی دەیفرۆشن، پابەند کراون بە مەرج و رێنماییەکانی وەزارەت و نرخی فرۆشتن، کە وەک هاوکاری بە 690 دینار بۆ لیترێک دانراوە، ئەمەش چاودێری چڕ دەکرێت لە ڕێگەی لیژنەکان لە پارێزگاکان و پۆلیسی نەوت و گاز بە جۆرێک چەندین بەنزینخانە کە سەرپێچیان کردووە داخراون و سزای ماددی دراون. سەبارەت بە فرۆشتنی بەنزین لە زۆر بەنزینخانە بە زیاتر لەو نرخە، ئەوە بەنزینی تیجاریە و نرخەکەی پابەندە بە نرخی برێنت، کە نرخێکی جیهانییە، جیا لەوەی بازاڕی سووتەمەنی بازاڕێکی ئازادە.

2- سەبارەت بە (نەوتی سپی): سەرەرای بڕیاری (ژ.119) ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتمان بە هیچ شێوەیەک رێگری لە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەکردووه و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان، وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سووتەمەنیەک، کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر رێگریش کرابێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتمان بووە، کە هەندی کەس بێ بەرپرسانە بەرامبەر تەندروستی هاووڵاتییان هەوڵیانداوە بەڕێگای نەگونجاو هاوردەی بکەن.

3- سەبارەت بە "نرخی نەوتی سپی": نرخی نەوتی سپی کە لە (پلات) بە نزیکەیی دەتوانین پشت بە بەرهەمی (جێت) ببەستین لەماوە نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئەمڕۆ، ئەگەر وا دابنێین ئەو ماوەیەی پێویست بووه تا بگاتە هەرێم، ئەوا بر هەر تەنێک لە 15/11/2021 (716) دۆلار بوو، دوای هەموو تێچوویەکی تا دەگاتە هەرێم، نرخەکەی بۆ هەر بەمیلێک نزیکەی 140 دۆلار دەبێت. لەهەمانکاتدا دوو جۆر نەوتی سپی بەرهەمی ناوخۆی پاڵاوگەکانی عێراق هەیە و بە تیجاری لە بازاڕی بۆرسەی پارێزگاکان بەپێی کوالیتی بەم شێوەیەیە:

پارێزگای هەولێر:

سیلڤەر 200- نرخ (155،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

سیلڤەر 1500 - نرخ (145،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

نرخی تیجاری بەنزینخانە (170،000 دینار)

پارێزگای سلێمانی:

سیلڤەر 200- نرخ (150،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

سیلڤەر 1500- نرخ (145،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

نرخ تیجاری بەنزینخانە (165000 دینار)

پارێزگای دهۆک

سیلڤەر 200- نرخ (160،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

سیلڤەر 1500- نرخ (155000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

تیجاری بەنزینخانە (176،000 دینار بۆ به‌رمیلێك)

4- سەبارەت بە "پالاوتگەی لاناز": پاڵاوتگەی لاناز، پاڵاوتگەیەکی حکومی نییە و وەزارەتمان هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و بەپیی رێنمایی (ژ. 1ی ساڵی 2020)ی وەزارەتمان، کە لە رۆژنامەی (وقایع)دا بڵاوکراوەتەوە، زۆر بە روونی تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەموو پاڵاوتگە رێگە پێدراوەکانی تر، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی برێنت و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو، وەزارەتمان هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ دابینکردنی بەنزین بەنرخ و کوالیتیەکی گونجاو لە پێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتیان. پاڵاوگەی ناوبراو وەک هاوکاری و پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەتمان، بڕێکی بەنزینی بەشیێوەیەکی کاتی کە لەتوانای بوو، نرخی 730 دینار دابینی کرد و بە پێی بڕیاری لیژنەی تایبەتی وەزارەتمان، بەسەر بەنزینخانەکان دابەش کرا.

5- سەبارەت بە ناوی (نەبەز محمد) : لە هیچ بازگەیەک، جگە لە مۆڵەتی وەزارەتمان کە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە کوالیتی سووتەمەنی ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، هیچ جۆرە رێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەکیش رێگەی پێ نادرێت. هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی 2000 ملیۆن لیتر گازیش لای کەسێک، هەر بۆ زانیاری، دابینکردنی ئەو برە گازە، رۆژانە پێویستی بە پاڵاوتنی زیاتر لە (50،000) بەرمیل نەوتی خاوە! واتە مانگانە زیاتر لە (1،500،000) بەرمیل کە ئەمەش لە خەیاڵ دەچێت و دوورە لە راستییەوە.