كرمانج عه‌بدوڵڵا: سه‌رۆك له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی لهێبان له‌سه‌رخه‌ت بوو
K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسی لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كرمانج عه‌بدوڵڵا، ئاشكرایكرد، شه‌وی رابردوو، تا دره‌نگانی شه‌و، سه‌رۆك بارزانی له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی لهێبان و دڵنیایی داونه‌تێ، كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوچه‌كه.
كرمانج عه‌بدوڵڵا گوتیشی: دوێنێ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاند، بۆ پاراستنی خه‌ڵكی خۆمان مۆڵه‌ت له كه‌س وه‌رناگرین و دوای ئه‌و به‌ڵێنانه ئه‌مڕۆ ئێمه هاتین بۆ پشتیوانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه.
گوتیشی: پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی لهێبان و ته‌واوی ئه‌و گونده كوردییانه ده‌مێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: چاره‌سه‌ری كاتی ئه‌و كێشه‌یه، پێویستی به مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه و له ده‌ستووریشدا به گوێره‌ی مادده‌ی 140 چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی دیاریكراوه.
كرمانج عه‌بدوڵڵا باسی له‌وه‌شكرد، ئیداره‌ی ناشه‌رعی كه‌ركووك و پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركووك و سوپا پشتیوانی له عه‌ره‌بی هاورده ده‌كه‌ن.
دووپاتیشیكرده‌وه، كورد ته‌عریب قبووڵ ناكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، عه‌قڵی تاكڕه‌وی و شۆڤینی عه‌ره‌بی له عێراقدا ته‌نیا ماڵوێرانی بۆ كورد و ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌بووه.