پیاوێك بە هەڵە لە 3 رۆژدا 5 جار دەستگیر دەکرێت

پیاوه‌كه‌ ناچاربوو ناسنامەکەی بە پەتێك بکات بە ملیەوە و بەردەوام پیشانی خەڵکی بدات
زیندانییه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی چین و هاوشێوه‌كه‌ی
زیندانییه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ی چین و هاوشێوه‌كه‌ی

K24- هه‌ولێر:

پیاوێکی چینی بەهۆی ئەوەی شێوەی لە زیندانییەك دەچوو کە لە بەندینخانە هەڵهاتبوو، لە 3 رۆژدا 5 جار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "ئۆدتی سێنتراڵ"، زیندانییەك بەناوی "Zhu Xianjian" لە مانگی تشرینی یەکەم/ ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ لە باکووری رۆژهەڵاتی چین لە بەندیخانەی هەرێمی جیلین رایکردووە و لەکاتی گەڕان و لێکۆڵینەوەدا کەسێکی دیكه‌ کە شێوەی روخساری وەك ئەو بووە، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 5 جار دەستگیر کراوە.

دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بڕی 109 هه‌زار و 781 دۆلاریان وەك خەڵات دەستنیشان کرد، بۆ ئەو کەسەی زانیاری لەبارەی تاوانبارە هەڵهاتووەکەوە ئاشکرا بکات. دانانی بڕە پارەیەکی لەمجۆرە بە خراپی بەسەر ئەو پیاوەدا شکایەوە، کە روخساری هاوشێوەی تاوانبارەکە بوو، ئەو لە ماوەی 3 رۆژدا 5 جار دەستگیرکرا و دواتر ناچار کرا، ناسنامەکەی بە پەتێك بکات بە ملیەوە و بەردەوام پیشانی خەڵکی بدات.

بێزارکردنی ئەم پیاوە و پەلکێشکردنی بۆ بنکەی پۆلیس لە 28ـی تشرینی دووەم کۆتایی پێهات، کاتێك "Zhu Xianjian" لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیر کرا.

H.B