وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری باسی راوەدونانی داعش دەکەن

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەرێکەوت
شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر نەخشە سەیری خاڵە سەربازییەکان دەکەن
شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر نەخشە سەیری خاڵە سەربازییەکان دەکەن

K24 – هەولێر

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و دوو کۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی شەڕی داعش لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق دەکات.

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 7/12/2021 بە مەبەستی دوو کۆبوونەوەی جیای سەربازی و هەواڵگری، شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتیی وەزارەت، بەرەو بەغدا بەرێکەوتن. بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی شاندەکە، دوو کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ هەریەک لەنێوان هەواڵگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و هەواڵگری بەرگری عێراق لە  فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەبچێت".

وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: "لەکۆبوونەوەیەکی دیکەدا بڕیارە لە ناو وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی تیرۆریستان، هەنگاوەکان لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەکەوە رۆڵ بینین لە راوەدونان و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەمینداریەتی گشتی بەرگری بەغدا بەڕێوەبچێت".

ئاماژە بەوەشکراوە: "کۆبوونەوەکانی نێوان پێشمەرگە و بەرگری بەردەوامی هەیە و هەردوولا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆریستان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، لەگفتوگۆدان، هاوکات تاوتوێکردن و بەکردەیی کردنی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لەئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە".