پێنج هه‌زار هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی كۆلێژ و په‌یمانگه‌کان ده‌ڕه‌خسێنرێت

گفتوگۆی چڕ لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کراوە
باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان
باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج هه‌زار هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی كۆلێژ و په‌یمانگه‌ كشتوكاڵی و ڤێتێرنه‌رییه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رایگەیاند: "دەتوانین لە رێگەی پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، لە سێکتەری کشتوکاڵی دەرفەتی کار بۆ 5 هەزار لە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگه‌کانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین".

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و  بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و کشتوکاڵیی لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا، گفتوگۆیەکی چڕ ئەنجامدرا، بە مەبەستی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان. دوای کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوەداوە دەتوانن 5 هەزار هەلی کار بڕەخسێنن.

ئەم هەنگاوە گرنگە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێزی پێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و زەمینەسازی بۆ سوود وەرگرتن، لە توانای دەرچووانمان و دابینکردنی دەرفەتی کار و زەمانەتی بیمەی خانەنشینی بەپێی ئەو ناوەڕۆکەی کە لە بڕگە و ماددەکانی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پڕۆژە یاسایە بە یەکێک لە پڕۆژە هەره‌ گرنگ و ستراتیژیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دادەنرێت، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی پەرۆشیەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ کاری تێدا کراوە، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان .