فۆتۆگرافەرێکی کورد بووە باشترین وێنەگری مێژوویی بۆ ساڵی 2021

محەمەد مەعسون سوەر مێژووی باکووری کوردستان بە جیهان دەناسێنێت
ئه‌و وێنه‌ی به‌ باشترین هه‌ڵبژێردرا
ئه‌و وێنه‌ی به‌ باشترین هه‌ڵبژێردرا

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد مەعسون سوەر، فۆتۆگرافەرێکی شاری دیاربەکری باکووری کوردستانە، لە پێشبڕکێی فۆتۆگرافی مێژوویی نێودەوڵەتی بەشدار بوو ( Historic Photographer of the Year 2021)، لە نێو 40 باشترین فۆتۆگرافەرانی جیهان، وەک باشترین فۆتۆگرافەر هەڵبژێردرا.

سوەر بە 26 وێنەی مێژوویی شارەکانی باکووری کوردسان بەشداری لەو پێشانگایەدا کردووە، بەڵام بە وێنەیەکی پەیکەری پاشای کۆماگەه، کە پەیکەرەکە لە شاری سامسوری باکووری کوردستانە، لەسەر چیای نەمرود، توانیی ببێتە باشترین فۆتۆگرافەری ساڵ و وێنەکە بە باشترین هەڵبژێردرا.

لەو وێنەیەدا پەیکەری دوو پاشای کۆماگەه لە نێو بەفر، کە سەرنجی بەڕێوەبەرانی ئەو پێشبڕکێیەی راکێشاوە.

محەمەد مەعسون سوەر، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، ئەو پیشبڕکێ جیهانییە ساڵانە لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت، هەزاران فۆتۆگرافەر لە سەرتاسەری جیهان بەشداری تێدا دەکەن، 40 وێنە دەچنە قۆناغی فیناڵ و وەک باشترین وێنە هەڵدەبژێردرێن، ئەو پێشبڕکێیە جیهانییە و لەلایەن History Hit TV, Sky History TV، دەزگای پاراستنی سروشتی بەریتانیا (Historic England)، کۆمەڵەی هونەری وێنەی مێژوویی و Trip Historic ئەنجامدراوە. دەشڵێت، دوای هەڵبژاردنی وێنەکەم، لەلایەن سی ئێن ئێن، بی بی سی، ئاژانسی سپۆتنیک، میدیای تورکیا، بەریتانیا و رۆژنامە ناوخۆییەکانی بەریتانیا، وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە.

لە ساڵی 2017 ئەو فۆتۆگرافەرە بە دوو وێنەی دیاربەکر بەشداری لە هەمان پێشبڕکێدا کرد، لەو پێشبڕکێیەشدا توانیی لە نێو 40 وێنە، وێنەکانی بە باشترین هەڵبژێردرێن.

محەمەد مەعسون سوەر ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا لە زۆر پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بەشدار بووه‌، بەڵام جاری دووەمە لەو پێشبڕکێیه‌ گرنگەدا وێنەکان دەچنە نێو 40 باشترین وێنەی ساڵ، بۆیە زۆر سەربەرز و دڵخۆشم، راشیدەگەیەنێت، دەیەوێت بە وێنەکانی ناوچە مێژوویی و شارستانییەتی باکووری کوردستان بە جیهان بناسێنێت.

ئه‌و وێنه‌ی به‌ باشترین دیاریكرا
ئه‌و وێنه‌ی به‌ باشترین دیاریكرا
بلبل
محەمەد مەعسون سوەر