کاروان حەمید حەلاق ئاخێک بۆ نیشتمان بڵاودەکاتەوە

هەموو تاکێکی کورد، ئەندامێکی زیادەی هەیە، ئەویش ئێش و ئازاری کوردبوونە
کاروان حەمید حەلاق ئاخێک بۆ نیشتمان بڵاودەکاتەوە
کاروان حەمید حەلاق ئاخێک بۆ نیشتمان بڵاودەکاتەوە

K24 -ئەوروپا – هۆڵەندا:

لە نوێترین کاریدا هونەرمەند کاروان حەمید حەلاق، بە بەشداری چوار هونەرمەندی موزیسیانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.

کاروان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو تاکێکی کورد لە گەڵ بوونی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤی ئاسایی، ئەندامێکی زیادەی هەیە ئەویش ئێش و ئازاری کوردبوونە، کە لە ناخی هەموو کوردێکی بە ئەمەک گەشەدەکات بێ وەستان و دەڵێت:ئەم کارە نوێیەم، پەنجە دەخاتە سەر ئەو ئازارەی هەر تاکێکی کورد لەم تاراوگەیە، کە هەر پارچەیەکی  نیشتیمان برینداربێت، ئێمە لێرە خوێنمان لێدەچۆرێ.

کاروان سەبارەت بەکێشەکانی غوربەت دەڵێت: هۆکاری ئەم کارەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازارەی بەردەوام لەگەڵ هەموو تاکێکی کوردستانیانی تاراوگەنشین لەگەڵی دەژی، بوونی زۆربەی پەیوەندییەکان لەگەڵ غەیرە کوردە لەم تاراوگەیە دەبێتە سەرچاوه‌ی کێشەکان، جا چ لەسەر کاری رۆژانەبێت یاخود پەیوەندی هاوسەرگیری یان هەر پەیوەندییەکی تربێت، بە هۆی تێنەگەیشتن لە دڵ و هەستی بەرامبەر و شارەزا نەبوونی ناخی هەر تاکێکی  کوردە.

ئەو کارە نوێیەی کاروان حەمیدی حەلاق بەناوی (ئاخێک بۆ نیشتمان) ئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی بەگەڕانەوە و تێهەڵکێشکردنی شیعرێکی وەفایی، بۆ جوانکردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان.

وەک خۆی ئاماژەی پێدا، "بە پێویستی زانیوە چوار ژەنیاری بەتوانا و کورد پەروەر و دڵسۆز، کە هەر یەکێکیان لە پارچەیەکی کوردستانە بەشداربن".

کاروان سەبارەت بە لایەنی تەکنیکی ئەنجامدانی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەتای کۆرۆنا و نەبوونی دەرفەتی کۆبوونەوە بەیەکەوە هۆکار بووە، کە لە چوار ستۆدیۆی جیاواز تۆماربکرێت و هونەرمەند و دەرهێنەر بافل سەرهەنگ خاوەنی ستۆدیۆی (یاد میدیا) کاری رێکخستنی بەرهەمەکە و وێنەگرتن و دەرهێنانی کلیپەکە جێبەجێ دەکات و بڕیارە لەسەرەتای ساڵی نوێی 2022 بڵاوبکرێتەوە.

كلیپی ئاخێک بۆ نیشتمان بڵاودەكرێته‌وه‌
كلیپی ئاخێک بۆ نیشتمان بڵاودەكرێته‌وه‌
تیمی به‌رهه‌مهێنانی كلیپه‌كه‌
تیمی به‌رهه‌مهێنانی كلیپه‌كه‌