عێراق لەبارەی داکەوتنی نرخی نەوت هۆشداری دەدات

"هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئابووری عێراق"

K24 – هەولێر

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی داکەوتنی نرخی نەوت هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، زۆرینەی وڵاتە پیشەسازییەکان روویان لە وزەی جێگرەوە کردەوە، کە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئابووری عێراق.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق پێویستی بە چاکسازی ریشەیی لە سیستمی کارگێڕی ئابووری دارایی دا هەیە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی جیهان بێت، لە دیارترینیان داکەوتنی نرخی نەوت.

 هۆشداریش دەدات، کە زۆرینەی وڵاتە پیشەسازییەکان  روویان لە وزەی جێگرەوە کردەوە و هەوڵدەدەن پشتبەستنیان بە نەوت کەمبکەنەوە. ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئابووری عێراق، بە تایبەت ئەگەر سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر نەکرێن.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵانی 2009 تاوەکو 2014 داهاتێکی دارایی گەورە لەبەردەست بوو، بەڵام بە هۆی نەبوونی سیاسەتێکی روون، ئەو سەرچاوە داراییەی فرۆشی نەوت بۆ دامەزراندن بەکارهێندراوە.

دەشڵێت، بەرزبوونەوەی مووچەی فەرمانبەران زیادکردنی ژمارەکانیان گوشاریان لەسەر بودجەی دەوڵەت دروستکردووە، بە تایبەت کاتێک نرخی نەوت دادەبەزێت.