هه‌ولێر.. 3 كه‌س به تۆمه‌تی دزین و ساغكردنه‌وه‌ی لاپتۆپی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستگیركران
K24 - هه‌ولێر:
موقه‌ده‌م هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد، 3 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه، كه تۆمه‌تبارن به دزین و ساغكردنه‌وه‌ی 47 لاپتۆپی كۆگایه‌كی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له شاری هه‌ولێر.
گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر گوتی: دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌شی ئه‌منیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ئاگاداركراینه‌وه، كه له كۆگایه‌كه‌یان دزی كراوه، تیمی پۆلیسی هه‌ولێر لێكۆڵینه‌وه‌یان له رووداوه‌كه كردووه، له رێگه‌ی كامیرای چاودێرییه‌وه توانرا دزه‌كان ده‌ستگیربكرێن.
گوتیشی: به‌رپرسانی كۆگای نه‌ته‌وه به‌كگرتووه‌كان سه‌رسام بوون به دزیكرن له كۆگایه‌كه‌یان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كامیرای چاودێریشه‌وه نازانن چۆن ژماره‌یه‌ك لایپتۆپیان دیار نامێنێت و ده‌دزرێت، به‌ڵام تیمی لێكۆڵینه‌وه له پۆلیسی هه‌ولێر به‌دواداچوونیان كامیرای چاودێری شوێنه‌كه و رێگاكان كردووه، ده‌ركه‌وتووه، كه دوو كارگوزاری كۆگاكه له رێگه‌ی شاردنه‌وه‌ی لاپتۆپه‌كان له‌ناو حاویه‌ی زبڵ، توانیویانه 47 لاپ‌تۆپ ببنه ده‌ره‌وه‌ی كۆگاكه و له بازاڕدا ساغی بكه‌نه‌وه.
هۆگر عه‌زیز ئاماژه‌ی به‌وه كرد، نرخی هه‌ر لاپتۆپێك 1700 دۆلار بووه و دوو كارگوزاره‌كه له بازاڕ له رێگه‌ی كه‌سێكه‌وه به 250 دۆلار ساغیانكردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی لاپتۆپه‌كان هاوكاری ئه‌و دوو كارگوزاره‌ی كردووه، ئه‌ویش ده‌ستگیركراوه.