دەرمانێکی زەهایمەر.. ئەوروپا رەتی کردەوە و ئەمەریکا پەسەندی کرد

له‌ ئه‌وروپا ره‌زامه‌ندی به‌كارهێنانی وه‌رنه‌گرت
وێنه‌یه‌كی گوزارشتكاری بۆ تووشبووانی له‌بیرچوونه‌وه‌ "زه‌هایمه‌ر"
وێنه‌یه‌كی گوزارشتكاری بۆ تووشبووانی له‌بیرچوونه‌وه‌ "زه‌هایمه‌ر"

K24- هه‌ولێر:

ئاژانسی دەرمانسازی یەکێتی ئەوروپا رەتی کردەوە رەزامەندی ببەخشێتە دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری نیشانە سەرەتاییەکانی زەهایمەر. 

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "BBC"، دەرمانێك بەناوی "Aducanumab" کە بۆ چارەسەری نیشانە سەرەتاییەکانی نه‌خۆشی له‌بیرچوونه‌وه‌ "زەهایمەر" بەکاردەهێندرێت، لەلایەن ئاژانسی دەرمانسازی یەکێتی ئەوروپاوە " European Medicines Agency"، رەزامەندی بەکار‌هێنانی لە وڵاتانی ئەوروپا پێنەدرا.

ئەمە لە کاتێکدایه‌، دەرمانەکە یەکەم چارەسەری نوێیە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، هەروەها لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەرمانەکە لە ئەمەریکا پەسەند کرا.

بڕیاری ئاژانسی دەرمانسازی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنه‌مای ئه‌نجامی دوو توێژینەوەی سەرەکی بوو، کە تیایاندا سوود لە داتای 3000 تووشبووی زەهایمەر وەرگیرا بوو.

گوتەبێژی ئاژانسی دەرمانسازی ئەوروپا لەبارەی بڕیارەکەیەوە گوتی: "ئەنجامەکان لە توێژینەوە سەرەکیەکان ناکۆك بوون و بە گشتی نیشانی نەدا کە دەرمانەکە کاریگەرە لە چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی نیشانە سەرەتاییەکانی زەهایمەریان هەیە".

Biogen، کۆمپانیای بەرپرس لە بەرهەمهێنانی دەرمانەکە دەتوانێت دوو هەفتەی دیکە داوای دووبارە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی رەزامەندی بەکارهێنان لە ئاژانسی دەرمانسازی یەکێتی ئەوروپا بکات.