پارتی و یه‌كێتی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ یه‌كخستنی ده‌نگی كورد له‌ به‌غدا پێكده‌هێنن

فازڵ میرانی: پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت

K24- هه‌ولێر:

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی كوردستان چەند لیژنەیەکیان پێکهێناوە، بۆ دانانی میکانزمێك لەسەر یەکخستنی دەنگی کورد لە بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئه‌م گوتانه‌ی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 هاتوون و گوتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی جه‌ختمان له‌وه‌ كرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی ته‌م و مژاوی كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، بۆیه‌ له‌ پێناو پارێزگاریكردن له‌ خۆمان و مێژوو و جوگرافییه‌كه‌مان، پێویسته‌ پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ش یه‌ك بن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان كرد و گفتوگۆمان له‌باره‌ی پرسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، شێوازی حوكمڕانی، چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، كۆمسیۆن و هه‌ڵبژاردن كرد.

گوتیشی: گرنگە پارتی و یەكێتی زوو زوو له‌گه‌ڵ یه‌ك کۆببنەوە و ئاشکراشی کرد، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیارییکراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت.

H.B