نەخۆشخانەى هیوا لەسەر "هەڵەى بەئەنقەست" روونکردنەوەیەکی دا

" هیچ کەسێک لە نەخۆشخانەی هیوا ئامادە نییە نموونەی نەخۆشێکی شێرپەنجە پیس بکات"
نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی
نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی

K24 - هەولێر:

نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاند، هەواڵی بوونی "هەڵەی بەئەنقەست" بۆ پیسکردنى نموونەى تووشبوانى شێرپەنجە دوورە لە راستییەوە.

بەشى تاقیگەى نەخۆشخانەی هیوا، ئەمڕۆ 23ی کانوونی یەکەم/دیسێمبەری 2021 لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، بڕیاردان لەسەر تووشبوونی کەسێک بە شێرپەنجە لەسەر یەک نموونە و یەک شیکار ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک شیکاری هەیە، بۆ دڵنیابوونەوە لە هەر یەکێکیان کە تووشبوونی کەسەکە بە شێرپەنجە یەکلایی دەکاتەوە زیاتر لە جارێک شیکاریەکە دووبارە دەکرێتەوە، هەروەها هیچ کەسێک لە نەخۆشخانەی هیوا ئامادە نییە نموونەی نەخۆشێکی شێرپەنجە پیس بکات.

بەرپرسانى تاقیگەى نەخۆشخانەکە لە کۆنفرانسەکەدا هەموو ئەو لێدوان و بانگەشانەیان رەت کردەوە کە باس لە پیسکردنی نموونەی تووشبوانى شێرپەنجە دەکەن.

چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوبووەتەوە کە باس لەوە دەکات، تاقیگەی نەخۆشخانەی هیوا بە قازاجی هەندێک لایەن بە ئەنقەست چەند هەڵەیەکی کردووە.