دیارترین ئه‌و 6 ئه‌ستێره‌یه‌ی نرخیان دابه‌زیوه‌

پێگەی تراسنفێر مارکێتی جیهانی تایبەتمەند لە ئامار و بەها و نرخی یاریزانان لە نوێترین راپۆرتیدا دیارترین ئەو ئەستێرانەی دیاریی کردووە کە بە ڕێژەی جیاواز بەهاکانیان لە دەست داوە، لە نێوانیشیاندا لیۆنێل میسی، کریستیانۆ و لیڤاندۆڤسکی دەبینرێن.

گەرچی هێشتا لە مەیدانی تۆپی پێ دیارترین ئەستێرەن و جیهانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام ئەم کۆمەڵە یاریزانە بەردەوام نرخیان لە دابەزینە و ئەمەش مانای ئەوەیە تروسکاییان بەرەو کوژانەوەیە، دیارترین ئەو یاریزانەش کە بەهایان دابەزیوە مێسی و کریستیانۆ و لیڤاندۆڤسکین.

پێگەی ترانسفێر مارکیت تایبەتمەند بە بازاڕی گواستنەوە و بەهای یاریزانان لە سەرتاسەری جیهان نوێترین راپۆرتی لەسەر بەهای یاریزانان وەشان کرد و لیۆنێل مێستی لە لیستی دیارترین ئەو یاریزانانەیە کە نرخەکانیان دابەزیوە، لیۆ دوای پەیوەندیکردنی بە پاریس سانجێرمان نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ لە بەهاکەی دابەزیەوە و پێشتر بەهاکەی 80 ملیۆن یۆرۆ بوو بەڵام ئێستا 60 ملیۆن یۆرۆیە.

هاری کەین ئەستێرەی تۆتێنهامیش بە هەمان شێوەی لیۆ 20 ملیۆن یۆرۆ بەهاکەی لەدەست داوە و بەهای ئێستای دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ.

لە ریال مەدریدیش ئێدین هازارد بەهۆی پێکانە زۆرەکان 15 ملیۆن لە بەهاکەی کەمی کردووە و بەهای ئێستای بە 25 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێت.

لە دوای ئەویش رۆبێرتۆ فێرمینۆی بەڕازیلی و ئەستێرەی لیڤەرپوولی ئینگلیزیە و ئەم یاریزانەش 12 ملیۆن یۆرۆ لە بەهاکەی لەدەستداوە و بەهاکەی لە بۆرسەی یاریزانان 38 ملیۆنە.

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆلەندیش هەرچەندە بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێت و بەردەوام دەدرەوشێتەوە، بەڵام بەهۆی تەمەنییەوە 10 ملیۆن لە بەهاکەی دابەزیەوە و بەهای ئێستای دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.

کریستیانۆش بە هەمان شێوە دوای پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر یونایتد و هەڵکشانی تەمەنی 10 ملیۆن یۆرۆی لە بەهاکەی لەدەست داوە و بەهای ئێستای لە بۆرسەی یاریزانان 35 ملیۆن یۆرۆیە .

یەکێکی دیکە لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ کە 10 ملیۆن یۆرۆ لە بەهاکەی لەدەست داوە نێیمار داسیلڤایە و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال