سایتی فلایت ئەوێر: سبهی 600 گهشتی ئاسمانی بههۆی ئۆمیكرۆنهوه رادهگیرێن

K24 – هەولێر:
به گوێرهی زانیارییهكانی ماڵپهڕی فڕۆکەوانی فلایت ئەوێر، زیاتر لە 4500 گەشتی فڕۆکەوانی لە سەرانسەری جیهان هەڵوەشانەوە.
بەهۆی خێرا بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بە هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی دیکەش گەشتەکانیان دواکەوتن و بووهته هۆی وهستانی هاتووچۆ لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا.
سایتی فلایت ئەوێر راشیگهیاند، لە رۆژی کریسمسدا زیاتر لە 2 هەزار گەشتی فڕۆکەوانی دهوهستێندرێن.
ئهو سایته روونیكردهوه، رۆژی هەینی رابردوو نزیکەی 2400 گهشت وەستان و نزیکەی 11 هەزار گهشتی فڕۆكهوانیش دواکەوتنی هەبوو. ئهو سایته بڵاویکردەوە، سبهی یەکشەممە 26ـی كانوونی یهكهم / دیسێمبهری 2021، زیاتر لە 600 گەشت له سهرانسهری جیهان بههۆی بڵاوبوونهوهی خێرای ئۆمیكرۆن و بهرزبوونهوهی رێژهی تووشبوون به كۆرۆنا، دەوەستێندرێن.
فلایت ئهوێر، ئاماژه بهوه دهكات، زۆربهی فڕۆکەوان و دەستەی خزمەتگوزاری و کارمەندانی فڕۆکەکان بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە ناهاتبوونەوە دهوامی ئاسایی خۆیان، یاخوود ناچاربوون خۆیان کەرەنتین بکەن دوای ئەوەی تووشی كۆرۆنا ببوون، ئەمەش وای له دامەزراوە فڕۆکەوانیەکانی کرد گەشتەکانیان رابگرن، لە کاتێکدا زۆرترین گەشت لەم سەرو وەختەی پشووەدا لە جیهاندا ئەنجام دەدرێت.