ئەمڕۆ پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوی هەولێر کۆتایی دێت

پارێزگاری هەولێر بڕی کۆمەکی کۆکراوەی ئاشکرا کرد
دیمه‌نێكی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر
دیمه‌نێكی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە 4 ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر کۆکراوەتەوە.

ئۆمێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو گوتی: "1026 ئۆتۆمبێلێ زیانیان پێگەیشتووە، جگە لە خزمەتگوزارییە گشتیەکانی رێگاوبان و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، تۆڕەکانی کارەبا، قوتابخانەکان، کە زەرەرێکی زۆریان بەرکەوتووە، رێڕەوەکانی  دەرەوەی شار کە ببووە بەشێك لە هۆکاری لافاوەکە بوودجیەکەی زۆری دەوێت و رەزامەنی وەرگیراوە و پرۆسەکە دەستی پێکردووە".

لەبارەی بڕی کۆمەکی کۆکراوە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە ئاماژەی بەوەدا،  کۆی گشتی ئەو پارانەی کۆکراونەتەوە دەکاتە 4 ملیار و 460 ملیۆن دینار، 3 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقی دابین کراوە، لەلایەن سەرۆکەیاتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 500 ملیۆن دینار دابین کرابوو، هەورەها جگە لەو هاوکاریانەی لەلایەن کۆمپانیا و کەسایەتییە دیارەکانەوە پێشکەش کرابوون، بۆ تەواوکردنی کۆمەکەکە، جەنابی سەرۆکی حکومەت ملیارێك و 393 ملیۆن دیناری دابین کردووە و ئێستاش لە دوایین رۆژی قەرەبووکردنەوەدان.