داعش قه‌یرانی لوبنانی قۆستووه‌ته‌وه
K24- هه‌ولێر:
"دایكه من له عێراقم".. ئه‌مه گوته‌ی گه‌نجێكه به‌ناوی ئوسامه عه‌وه‌ز، كه دوای مانگێك له بێسه‌روشوێنبوونی له شاری ته‌رابلس بۆ دایكی، كه به گوته‌ی دایكی بۆ "حوڕه" قسه‌ی كردووه، ئه‌م گوتانه‌ی كوڕه‌كه‌ی وه‌ك هه‌وره‌بروسكه‌یه‌ك بوون بۆ ئه‌و و چۆنیه‌تی چوونی بۆ عێراق بۆ دایكی گێڕاوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی دیكه لوبنانی به‌جێهێشت، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ریزه‌كانی داعش.
به‌ر له مانگێك حاڵه‌تێكی بێسه‌روشوێنبوونی ژماره‌یه‌ك گه‌نج له لوبنان راگه‌یه‌ندرا، زۆرینه‌یان خوار ته‌مه‌ن 20 ساڵ بوون، دواتر په‌یوه‌ندییان به خانه‌واده‌كانیانه‌وه كردووه و پێیان گوتوون، ئه‌وان له عێراقن. به‌ر له چه‌ند رۆژێك هه‌واڵی كوژرانی دوو گه‌نج به ناوه‌كانی ئه‌حمه‌د كه‌یالی و زه‌كه‌ریا عه‌دل به كه‌سوكاره‌كانیان گه‌یشتووه، دایكی ئوسامه له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "له‌و كاته‌وه من له حاڵه‌تی داڕووخانم، نازانم ئاخۆ كوڕه‌كه‌م له ژیان ماوه یان نا".
له مانگی ته‌ممووزی رابردوو، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له راپۆرتێكدا هۆشداریی له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی هه‌ڕه‌شه‌كانی رێكخراوه‌كانی قاعیده و داعشی له ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی جیهان دابوو. راپۆرته‌كه كه ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرابوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو، ئه‌و دوو رێكخراوه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددین بۆ سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌فریقیا، سووریا، عێراق و ئه‌فغانستان.
به گوته‌ی پارێزه‌ر محه‌مه‌د سه‌بلوح، كه بۆ پێگه‌ی حوڕه دواوه، "له ناوچه هه‌ژارنشینه‌كان، به‌دیاریكراویش ناوچه‌كانی قوبه، ته‌بانه و ناوچه وێرانكراوه‌كان گه‌نجان چه‌كدار ده‌كرێن و تا ئێستا 35 تا 50 كه‌س براونه‌ته ریزی ئه‌و رێكخراوانه، زۆربه‌یان مێردمنداڵن، بۆیه دوای دوو كاتژمێر له ئاشكرابوونی ئه‌و بابه‌ته، خه‌ڵكی هێزه ئه‌منییه‌كانیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه".
هه‌رچی ئه‌حمه‌د ئه‌یوبیە، کە چالاكوانی سیاسی و شاره‌زای بواری بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كانه، دووپاتیكرده‌وه، "له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا تا ئێستا زیاتر له 150 گه‌نجی ته‌رابلس به كاروانی جیاواز له‌میانه‌ی گرووپی بچووك بچووك له‌رێگه‌ی ئۆتۆمبێل و پاسی بچووكه‌وه وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه".
كه‌وتنه ناو ته‌ڵه‌ی داعش:
وه‌ك ئه‌یوبی ئاماژه‌ی پێدا، رێكخراوی داعش به‌شێوه‌یه‌كی فراوان تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، واتس‌ئاپ و مەسنجه‌ر و ئه‌پلیكه‌یشنه‌كانی دیكه له پرۆسه‌ی په‌لكێشكردنی گه‌نجان به‌كارده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی به‌دواداچوون بۆ چالاكی مێردمنداڵان و گه‌نجان له هه‌ژماره‌كانیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دیراسه‌كردنی حاڵه‌تی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییان، كه له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌ستنیشانی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، ئاخۆ بۆچوونی كێ له‌گه‌ڵ هزری توندڕه‌وی یه‌كده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به جۆش و خرۆشی ئایینی‌یان یانیش دۆخه ئابوورییه خراپه‌كه‌یان و حاڵه‌تی بێئومێدییان، كه پێی گه‌یشتوون.
هه‌روه‌ها گوتی: دوای ده‌ستنیشانكردنی ئامانجكراوان، ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ دەکەن و هه‌ڵیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن.
ئه‌یوبی دووپاتیكرده‌وه، "دوای په‌لكێشكردنیان له‌رێگه‌ی هزرییه‌وه، نۆره‌ی چه‌كداركردن دێت، ئه‌مه قۆناغی مێشك شووتنه‌وه‌یه و له‌ڕووی ده‌روونییه ئاماده ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی له خانه‌واده‌كانیان دوور بخرێنه‌وه و پاره‌یان پێ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان به‌وه‌ی كه خانه‌واده‌كانیان له‌ئایین ده‌رچوون و بێباوه‌ڕن".
لای خۆیه‌وه دكتۆر ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، شاره‌زای ستراتیژی گوتی: "داعش وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و حاڵه‌تی ده‌روونی گه‌نجان ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه دابه‌شكارییه‌كی گه‌وره له لوبنان هه‌یه، وێڕای بوونی قه‌یرانی دارایی و ئه‌و بێكاره‌ی به‌رۆكی گه‌نجانی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه، ئه‌م هه‌موو فاكته‌رانه بوونه‌ته ده‌رفه‌تێك بۆ داعش، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه گه‌نجان به‌لای خۆیدا راكێشێت و چه‌كداریان بكات".
شه‌ریفی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "داعش توانای به‌زاندنی سنووری وڵاتانی هه‌یه، بۆیه ده‌كرێت كه‌سانی لوبنانی له عێراق و سووریا هه‌بن، كه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای داعش بن، بوونی دیالێكتی لوبنانی له‌ناو ریزه‌كانی داعش، كه ئێستا بیانییه‌كان ئاماده نین بێنه ریزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه، واده‌كات كه نه‌رمتر ده‌ربكه‌ون، ئه‌مه‌ش بواری زیاتر به زیندووبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری نێوده‌وڵه‌تی به‌رز ده‌كاته‌وه".
مونیر ئه‌دیب، توێژه‌رێكی كاروباری بزووتنه‌وه‌ی توندڕه‌و و تیرۆری نێوده‌وڵه‌تییه و گوتی: "تا ئێستاش داعش شێوازی شرۆڤه‌كردنی ناڕاست بۆ ئایه‌ته‌كانی قورئان له‌پێناو راكیشانی گه‌نجان بۆ ناو رێكخراوه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و ئایه‌تانه‌ی باس له (الجهاد والقتال فی سبیل الله) ده‌كه‌ن و له رێگه‌ی بزواندنی سۆزی ئاینییان هه‌ڵیانده‌خه‌ڵه‌تێنن و كوشتن و توندوتیژی وه‌ك جیهاد نیشانیان ده‌ده‌ن".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان به پاره، ئه‌دیب گوتی: "هه‌ڵبه‌ته پاره رۆڵی خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌و بنچینه نییه، به‌كارهێنانی سۆز و عاتیفه‌ی ئایینی نموونه‌ی هه‌ره گرنگ و دیاره. كاتێك ده‌بنه خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامی پاره ناتوانێت له بیركردنه‌وه‌یان بگۆڕێت".
ئه‌دیب ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ئاسمانه‌وه به هێرشی فرۆكه‌كان شه‌ڕی داعشی كرد، له‌كاتێكدا له‌سه‌ر زه‌وی شكستی هێنا و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هزره‌كه‌ی و شانه نووستوو و چالاكه‌كانی بێسوود بوون، بۆیه رێكخراوه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌ستی به رێكخستنه‌وه‌ی خۆی كردووه‌ته‌وه و گه‌نجان چه‌كدار ده‌كات".
كه‌سێكی ئاگادار له‌و بابه‌ته له ته‌رابلس، (كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌نجه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌كان له گفتوگۆی نهێنیدایه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان)، بۆ پێگه‌ی حوڕه گوتی: چه‌ند فاكته‌رێك له پشت كه‌وتنی گه‌نجان به ته‌ڵه‌ی داعشدا هه‌ن، له‌وانه: دۆخی خراپی ئابووری له وڵات، بێكاری، نه‌بوونی هیچ ئومێدێك بۆ گه‌نجانی لوبنان به‌تایبه‌ت ته‌رابلس بۆ پێكهێنانی خێزان، وێڕای هزری هه‌ڵه له‌سه‌ر ئایین.
هه‌ستی پێچه‌وانه:
له ژوورێكی تاریكدا، ئوسامه‌ی 19 ساڵی له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه قسه له‌گه‌ڵ دایكی ده‌كات، وه‌ك دایكی ئاماژه‌ی پێدا، "له‌كاتی قسه‌كردن په‌شۆكابوو، روخساری ماندووبوو (تێبینی ئه‌وه‌م كرد، وێڕای ئه‌وه‌ی به ئه‌سته‌م ده‌مبینی)، زۆر پرسیارم لێی كرد، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌كی كه‌می پرسیاره‌كانی منی وەڵام دایه‌وه، گوتیشی: "من باشم، دڵنیابه و سوپاسی خودا بكه، ئه‌وه‌ی من پێیدا تێپه‌ڕیم ئاسان نه‌بوو"، له‌باره‌ی چوونیشی گوتی: دوای ئه‌وه‌ی كه‌سێكی نه‌ناسراو په‌یوه‌ندیی پێوه كردم، پێی گوتم كه ناوت له دۆسیه‌ی تیرۆردا هه‌یه و پێویسته هه‌ڵبێم و وڵاته‌كه‌م جێبهێڵم".
سه‌باره‌ت به یه‌كه‌م كاتژمێره‌كانی بێسه‌روشوێنبوونی كوڕه‌كه‌ی، كه له 27ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو بوو، دایكی ئوسامه گوتی: "كوڕه‌كه‌م له پیشه‌یی ده‌یخوێند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ده‌رگای خوێندنگاكان نه‌كرابوونه‌وه، رۆژانه له كاتژمێر 10:00ی به‌یانی تا 10:00ی شه‌و له دوكانێكی فرۆشتنی مۆباییل كاری ده‌كرد، له‌و رۆژه‌دا له‌كاره‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه و زۆریش ئاسایی بوو، هه‌موومان شه‌وه‌كه‌مان به‌یه‌كه‌وه به‌سه‌ربرد، كاتژمێر 1:30ی خوله‌ك دوای نیوه‌شه‌و زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی لێدا، چووه بالكۆنه‌كه، دواتر په‌شۆكا و شێوانی پێوه دیار بوو كاتێك ئه‌و ژوور ئه‌م ژووری ده‌كرد، منیش پرسیم چی روویداوه، وه‌ڵامی دامه‌وه گوتی: هیچ نییه، له‌گه‌ڵی چوومه ژووره‌كه‌ی و پێخه‌فه‌كه‌م پێداگرت".
له‌كاتی بانگی به‌ره‌به‌یان دایكی ئوسامه چووه ژووری كوڕه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بۆ نوێژی به‌یانی به‌خه‌به‌ر بهێنێته‌وه، به‌ڵام له‌ژووره‌كه‌ی نه‌بینی و گوتی: "من وامزانی چووه‌ته مزگه‌وته‌كه‌ی خوار ماڵه‌كه‌مان له ناوچه‌ی قوبه، كه رۆژانه بۆ نویژكردن ده‌چووه ئه‌و مزگه‌وته، كاتێك زۆر دواكه‌وت، وامزانی له خولی فێربوونی قورئانه، دواتر كاتێك باوكەکەی له‌و قاوه‌خانه‌یه په‌یوه‌ندیی پێوه كردم كه لێی كارده‌كات، پرسیاری له‌باره‌ی ئوسامه لێكردم و داوای لێ كردم له مزگه‌وت به‌دوایدا بگه‌ڕێین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی ئوسامه له ماڵی ئیبراهیم مورعبی هاوڕێی كوڕه‌كه‌می زانیبوو كه كوڕه‌كه‌ی ئه‌وانیش ون بووه"، سه‌باره‌ت به ئاستی پابه‌ندییه ئایینییه‌كانی ئوسامه به ئایینه‌وه گوتی: "ئێمه موسڵمانین و پابه‌ندین به ئایینه‌كه‌مانه‌وه، به‌ڵام هه‌ڵگری هزری توندڕه‌وی نین".
ئه‌وان ئوسامه و ئیبراهیمیان نه‌دۆزییه‌وه، به‌ڵام كه‌سێك كه هه‌ردووكیانی ده‌ناسین به خانه‌واده‌كانیانی راگه‌یاندبوو، ئه‌و له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 7:30 خوله‌كی به‌یانی له ناوچه‌ی ئابی سه‌مراء هه‌ردووكیانی بینیوه، پرساری لێكردوون كه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بیانگه‌یه‌نێته شوێنێك، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كردووه‌ته‌وه، به‌و پاساوه‌ی كه ویستوویانه بچنه لای هاوڕێیه‌كی دیكه‌یان، كه دواتر ئاشكرا بوو، راستییه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تربوو.
ئیبراهیمی 18 ساڵی له‌گه‌ڵ ئوسامه‌ی 19 ساڵی روویان له گه‌شتێكی نادیار كرد، هه‌روه‌ك دایكی ئوسامه بۆ حوڕه گوتی: "دوای 23 رۆژ له ونبوونی، په‌یوه‌ندیی پێوه كردم و زۆر په‌شۆكابوو، هیواخواز بوو به‌زووترین كات بگه‌ڕێته‌وه، پێی گوتم تۆم خۆش ده‌وێت و سه‌باره‌ت به هۆكاری چوونیشی بۆ عێراق گوتی: كه‌سێك په‌یوه‌ندیی پێوه كردبوو و پێی گوتبوو، كه ناوی له لیستی ئه‌وانه‌دایه كه بڕیاره لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆیه پێویسته هه‌ڵبێت".
رۆژێك به‌ر له ونبوونیان، ئیبراهیم له به‌شی ساردكه‌ره‌وه و فێنككه‌ره‌وه ده‌خوێند، به دایكی گوتبوو، ئه‌و ده‌توانێت تێچووی خوێندنه‌كه‌ی دابین بكات و له‌گه‌ڵ باوكی كار ده‌كات، له كاتژمێر 5:30 خوله‌كی رۆژی دواتر دایكی ئیبراهیم كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر جێگا نه‌بینی، په‌یوه‌ندیی پێوه كرد، به‌ڵام ژماره‌كه‌ی داخرابوو، له‌كاتێكدا مۆبایلی ئوسامه بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر دوای ونبوونی هه‌ر كراوه بوو، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌ده‌دایه‌وه.
هه‌ریه‌ك له ئوسامه و ئیبراهیم هیچ كه‌لوپه‌لێكی خۆیان له ماڵه‌وه نه‌بردبووه ده‌ره‌وه، هیچ كامێكیشیان په‌یوه‌ندییان به خێزانه‌كانیانه‌وه نه‌كرد، كه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ چاوه‌ڕێی هه‌واڵێكی كوڕه‌كانیان بوون.
ده‌وڵه‌ت رووخا و رێكخراوه‌كه مایه‌وه:
وه‌ك ئه‌دیب گوتی: "له ساڵی 2019، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رووخانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی له‌ڕووی جوگرافیه‌وه راگه‌یاند، به‌ڵام رێكخراوه‌كه تا ئیستاش له‌سه‌ر هێزه و توانای ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆرستیی له عێراق و ده‌وروبه‌ری هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌توانایدایه له‌ڕێگه‌ی هزری ئیلهامبه‌خش و سه‌رنجڕاكێشه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجانی عه‌ره‌بی رابكیشێته ناو ریزه‌كانی و چه‌كداریان بكات و دواتر كرده‌ی چه‌كداری ئه‌نجام بده‌ن".
ئه‌دیب له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "سه‌ركه‌وتنی داعش له په‌لكیشكردنی گه‌نجانی لوبنانی بۆ عێراق و سووریا و ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆرستی، په‌یامێكه له كۆتایی ساڵی 2021، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه، كه دووباره ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت داده‌مه‌زرێنێته‌وه".
به گوته‌ی ئه‌یوبی، "رێكخراوی داعش ئه‌و گه‌نجانه‌ی چه‌كداریان ده‌كات به‌گوێره‌ی پێویست و دۆخی مه‌یدانی، له نێوان سووریا و عێراق دابه‌شیان ده‌كات".
به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئه‌وانه‌ی له لوبنان بێسه‌روشوێن بوونه، سه‌ره‌تا خۆیان گه‌یاندووه‌ته سووریا و له‌وێشه‌وه بۆ عێراق، به‌ڵام به‌شێكیان له‌ناو لوبنان ماون.
سه‌باره‌ت به‌و فڕوفێڵانه‌ش كه له‌گه‌ڵ گه‌نجان ده‌كرێت، به‌وه‌ی كه ناویان له لیستی تیرۆردا هه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، "ئه‌مه ته‌نها فێڵێكه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به رێكخراوی داعشه‌وه بكه‌ن، ئه‌گینا هیچ دۆسیه‌كی ئه‌منی له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه نه‌بووه".
سه‌باره‌ت به ده‌رچوونی گه‌نجانیش له ته‌رابلس به كه وا بڵاوبووه‌ته‌وه به هاوكاری گه‌نجانی ئه‌و شاره بووه، سه‌رچاوه‌كه گوتی: "ناتوانرێت ئه‌وه پشتڕاست بكرێته‌وه، هیچ زانیارییه‌كی پشتڕاستكراوه له‌و باره‌یه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه نییه، كه ئه‌مه له‌ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سانی ناوخۆیی یان ده‌ره‌وه‌ی لوبنان بووه".
له‌وساته‌وه‌ی گه‌نجان بێسه‌روشوێن بوونه، محه‌مه‌د سه‌لبوحی پارێزه‌ر داوای له ژماره‌یه‌ك دانیشتوانی شاره‌كه كردووه، "هه‌واڵ به داواكاری گشتی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی فشار له دادگا بكه‌ن و ورده‌كاری سه‌باره‌ت به ناوبردنی منداڵه‌كانیان وه‌ك تیرۆرست و ئه‌وانه‌ی نێوه‌ندگیری بردنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ناو ته‌رابلس كردووه بزانن، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ترسێن ئه‌و هه‌نگاوه بنێن و زیاتر پشت به سوپا ده‌به‌ستن، كه به‌ڵێنی به‌دواداچوونی ئه‌و پرسه‌یان پێداون".
په‌نجه‌كانی تۆمه‌ت:
زۆر نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر هه‌ڵاتنی گه‌نجانی لوبنان هه‌ن، ئه‌یوبی ده‌پرسێت: "چۆن ده‌كرێت ئه‌و ژماره زۆره‌ی گه‌نجان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سنووره‌وه رابكه‌ن، كه له‌ژێر كۆنترۆڵی رژێمی سووریا و حزبوڵڵادایه؟ هه‌روه‌ها چۆن ده‌توانرێت خاكی سووریا ببه‌زێنرێت تا ده‌گه‌نه شوێنه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش؟"، هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، "ده‌روازه‌ی نا فه‌رمیی حه‌كر یه‌كێكه له ده‌روازه‌كانی به‌قاچاخبردنی مرۆڤ و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان به‌بێ چاودێریكردن و سانسۆر".
هه‌روه‌ها سه‌لبوح پرسیاری ئه‌وه‌شی كرد: "چۆن ده‌كرێت گرووپێكی گه‌وره‌ی گه‌نجان به‌و ئاسانییه لوبنان جێبهێڵن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پێی بزانن، بۆچی به‌دواداچوون بۆ داتاكان ناكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته ئاشكرا بكه‌ن كه له‌پشت ئه‌و بابه‌ته‌وه‌یه".
هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كه گوتی: "ناكرێت سنووری لوبنان و خاكی سووریا ببه‌زێنرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ چاوێك له‌ناو سووریا بیانبینێت"، له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌وه‌ی كه بۆچی گه‌نجان عێراقیان هه‌ڵبژاردووه، گوتی: "چونكه لایه‌نێك له هه‌ڵبژاردنه‌كان دۆڕاوه و ده‌یه‌وێت داعش زیندوو بكاته‌وه و په‌یامێك به رۆژئاوا بدات".
سه‌لبوحی گوتی: دۆسییه‌كه زۆر مه‌ترسیداره و پێویسته لوبنان به‌رپرسیارێتی خۆی له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توندڕه‌وی له ئه‌ستۆ بگرێت، جا له‌ڕێگه‌ی وه‌ستاندنی هه‌موو ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه بێت كه له‌و مه‌به‌سته‌دا به‌كارده‌هێنرێن، یانیش له‌ڕێگه‌ی گرنگیدانی زیاتر بێت به هۆشیاركردنه‌وه‌ی مێردمنداڵان.
به‌ڵام ئه‌یوبی دووپاتیكرده‌وه، "هه‌واڵگری سوپا هه‌وڵی زۆر ده‌دات بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه له ته‌رابلس و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌كی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ده‌ستگیركردووه، كه مێردمنداڵان و گه‌نجانی دیكه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ ماڵی فه‌توا و پیاوانی ئایینی و ده‌سته‌كانی تایبه‌ت به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه له هه‌ماهه‌نگیدان و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه نه‌بوونایه، ماوه‌یه‌كی درێژ بوو دۆخه‌كه له‌و شاره ده‌گه‌یشته حاڵه‌تی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره".
سه‌رچاوه نهێنییه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر گوته‌كانی ئه‌یوبی كرده‌وه، كه گوتوویه‌تی: "هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گرنگی زۆر به‌و دۆسیه ده‌ده‌ن، به پله‌ی یه‌كه‌میش هه‌واڵگری سوپا، كه تا ئێستا توانیویه‌تی 5 كه‌س ده‌ستگیر بكه‌ن"، به‌ڵام به گوته‌ی ئه‌یوبی، ئه‌مه به‌ته‌نها به‌س نییه و به‌زاندنی سنووری به‌و شێوه‌یه پرۆسه‌كانی به‌قاچاخبردنی مرۆڤ و بازرگانیكردن پێیانه‌وه بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر به‌رده‌وامه، كه ئه‌مه بۆ ده‌روازه‌ی عه‌كاریش راسته، كه بووه‌ته ده‌رچه‌یه‌ك بۆ به‌قاچاخبردنی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌نجان به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار.
بۆمبی مرۆیی گه‌ڕۆك:
به‌گوێره‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له سووریا و عێراق وه‌ك خۆی به‌رده‌وامن، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و رێكخراوه توانیویه‌تی ده‌ستی به پاڵپشتی دارایی به بڕی 25 ملیۆن تا 50 ملیۆن دۆلار بگات، شه‌ریفی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش كرده‌وه و گوتی: "ئه‌و كردانه‌ی داعش له عێراق و سووریا ئه‌نجامی ده‌دات و بوونه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی و راڕایی و هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی هاووڵاتییان و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ستراتیژی ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر كه‌رته سه‌ربازییه‌كان له ناوچه كراوه‌كان له میانه‌ی هێرشی رووبه‌ڕوو و بۆسه‌وه".
شه‌ریفی دووپاتیكرده‌وه، "دوایین گۆڕانكارییه‌كانی داعش له عێراق، له ره‌هه‌ند و شوێن په‌نجه‌ی سیاسی به‌ده‌ر نییه، ئه‌و رێكخراوه وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر قۆناغی ئینتیقالی و حاڵه‌تی ئه‌و هه‌ڵچوونه ده‌كه‌ن، كه دامه‌زراوه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان پێدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی له سیسته‌می سیاسی عێراق هه‌یه، كه سیسته‌می فه‌رمانده‌یی و كۆنترۆڵی دامه‌زراوه‌كانی خۆی له پشك پشكێنه‌دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له هه‌ڵچوون و ناسه‌قامگیری و نیگه‌رانیی دروست كردووه، به‌تایبه‌ت له قۆناغی ئینتیقالی، له ترسی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سه‌ركردایه‌تیانه ئه‌ركه‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن یانیش ئاڵوگۆڕ بكرێن".
به‌گوته‌ی شه‌ریفی، "ئه‌و سه‌رقألبوونه‌ی سیاسی له كارامه‌یی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له ئیداره‌دان و ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كه‌ی له پارێزگاریكردن له مه‌یدان كه‌م ده‌كاته‌وه، جا چ له‌به‌ره‌ی ناوخۆیی یانیش ده‌ره‌كی"، له‌كاتێكدا ئه‌دیب له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "كاتێك حكومه‌ته‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر داعشدا زاڵ بن، پێویسته له‌سه‌ریان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هزره، پشت به گوتاری ئایینی ببه‌ستن، ئه‌وكات ده‌توانرێت دیوارێك له‌نێوان گه‌نجان و هه‌وڵه‌كانی له‌خشته‌بردنیان دابنرێت".
سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانیش له‌باره‌ی فراوانبوونی به‌ره‌ی راكیشانی گه‌نجان، سه‌رچاوه نهێنییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "هه‌میشه هۆشداری ده‌ده‌ین، كه گرنگه سنوورێك بۆ قه‌یرانه‌كان دابنرێت، هه‌روه‌ك هه‌مووان ده‌زانن، لوبنانیەکان به‌ده‌ست نه‌بوونی كاره‌با، ئاو، داوده‌رمان و بێتوانایی كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه ده‌ناڵێنێت و زۆربه‌ی رۆژه‌كه‌یان به بژێوییه‌وه خه‌ریكن، بۆیه ئه‌مه به هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ چوونی گه‌نجان ده‌زانین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گیانی خۆشیان له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، كه زۆربه‌یان یان بۆ كاركردن روو له توركیا ده‌كه‌ن، یانیش وه‌ك كۆچبه‌ر رێگه‌ی ئه‌وروپا ده‌گرنه‌به‌ر، به‌ڵام هه‌ندێكیان رێگه‌یه‌كی زۆر هه‌ڵه به‌ره‌و ناو داعش و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی تیرۆرستی ده‌گرنه به‌ر".
به‌گوته‌ی ئه‌یوبی، ئه‌وه‌ی له ته‌رابلس رووده‌دات، به‌شێكه له پلانێك كه له‌لایه‌ن ئێران و حزبوڵڵا و رژێمی سووریاوه جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆ مه‌به‌ستی به ئامانجكردنی گه‌نجی سوننه مه‌زهه‌ب، به‌وه‌ی کە مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێ هه‌یه، ببنه بۆمبێكی مرۆیی گه‌ڕۆك له نێوان سووریا و عێراق و لوبنان، مه‌ترسی گه‌وره‌ش له‌وه‌دا ده‌بینن، كه داعش پلانی بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی دۆخی لوبنان هه‌بێت، له رێگه‌ی ناردنه‌وه‌ی گه‌نجان دوای مه‌شقدانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای شه‌ڕكردنیان، ئه‌مه‌ش كارێكه پێویسته به هه‌ند وه‌ربگیرێت.
ئه‌یوب به داواكاریه‌ك كۆتایی به گوته‌كانی هێنا و داوای له "ماڵی فه‌توا و ده‌سته ئیلامییه‌كان كرد، هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌كانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی گه‌نجانی ته‌رابلس و باكووری لوبنان و راگه‌یاندنی دۆخه‌كه به راشكاوانه له تیرۆر له‌ڕووی هزری و رێكخراوه‌ییه‌وه، چونكه بێده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت، ده‌رگاكانی فیتنه به‌ڕووی ململانێی گه‌وره‌دا ده‌كاته‌وه و ده‌ست له هیچ كه‌سێك ناپارێزێت و ته‌ڕ و وشك به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتێنێت".
H.B